خەندە و پێكەنین و كاریگەرییەكانی لەسەر تەندروستیی مرۆڤ

:: AM:09:49:15/03/2026 ‌
خەندە و پێكەنین وێڕای ئەوەی رووی مرۆڤ جوانتر دەكات و لە كاتی خەندەدا زیاتر هەست بە دڵخۆشی دەكرێت، بەڵام پسپۆرانی تەندروستی ئاماژە بەوە دەكەن كە خەندە و پێكەنین، سوودی زۆری بۆ تەندروستی و بەتایبەتی دەروونی بەشێوەیەكی گشتی هەیە.

بەشی تەندروستیی پێگەی ئەلیكترۆنیی "عەرەبیە"، راپۆرتێكی لەوبارەیەوە بڵاو كردووەتەوە كە پسپۆرانی تەندروستی قسەی بۆ دەكەن. ئەوان دووپاتی دەكەنەوە كە خەندە و پێكەنین رۆڵی زۆر بەرچاوی لەسەر تەندروستی بەشێوەیەكی گشتی هەیە و بەتایبەتی تەندروستیی دەروونی هەیە، جیا لەوەی تەمەن درێژ دەكاتەوە و دڵەڕاوكێ لەناو دەبات، بۆیە خەندە و پێكەنین ژیان جوانتر و خۆشتر دەكات.

لەبارەی رۆڵی خەندە و پێكەنین بۆ مرۆڤ بۆ تەندروستی پسپۆران دەڵێن، ئەوەی وا دەكات تەمەنی مرۆڤ زیاتر درێژ بێت، گەشبینی بە ژیانە و ئەویش خەندە و پێكەنین رۆڵی كارا دەبینن، میزاجی مرۆڤ باشتر دەكەن و لە دڵەڕاوكێ دووری دەخەنەوە. بۆیە دووپات دەكەنەوە كە تەمەندرێژی پێوەندییەكی بەرچاوی بە خەندە و پێكەنینەوە هەیە.

هەروەها دەڵێن، كاتێك مرۆڤ تووشی دڵەڕاوكێ دەبێت، كاریگەرییەكەی لەسەر تەواوی جەستەی دەبێت، رووخساری مۆن و گرژ دەبێت و ماندوویی پێوە دیار دەبێت، دواتریش دۆخی دەروونی تێكدەدات، بۆیە لەوكاتەدا خەندە و پێكەنین رۆڵی گەورە دەبنیت بۆ ئارامكردنەوەی دۆخی كەسەكە و نیگەرانییەكانی كەمتر دەكاتەوە. خەندە لەوكاتەدا جەستە خاوتر دەكاتەوە كە ئەویش كاریگەریی لەسەر ئەركی تەواوی جەستە دەبێت.

پسپۆران ئەوەیش دەڵێن كە خەندە خۆی دڵخۆشی بۆ مرۆڤ دێنێت و خەمڕەوێنە، بۆیە گرنگە بەردەوام رووخسارت خەندەی پێوە بێت كە راستەوخۆ كاریگەریی لەسەر میزاج دەبێت، كاتێكیش میزاج باشتر بوو، مێشك باشتر ئەركی خۆی بەڕێوە دەبات و دواتریش جەستە ئارامتر و تەندروستتر دەبێت.

ئاماژە بەوەش دەدەن كە خەندە و پێكەنین، رۆڵی زۆر گرنگ لە هاوسەنگكردنی پاڵەپەستۆی خوێن دەبینن، بەتایبەتی پێكەنین وا دەكات ماسولكەكان خاوتر ببنەوە و پاڵەپەستۆی خوێن نزمتر ببێتەوە، چونكە دڵەڕاوكێ لێدانی دڵ ناهاوسەنگ دەكات و بە پێكەنین لێدانەكانی دڵ هاوسەنگتر و ئاسایی دەبنەوە.

هەروەها خەندە و پێكەنین رۆڵی كارا لە بەهێزتربوونی بەرگریی جەستە دەبینن. جیا لەوەی پێكەنین هەندێك مادەی كیمیایی سروشتی لە جەستە بەرهەم دێنێت كە وا دەكەن ئازار كەمتر بكەنەوە، ئەویش لە رێگەی مێشكەوە دەبێت، مادە كیمیاییەكانیش وەك ئەندۆرڤین و سیرۆتونینن. دواتریش پسپۆران دەڵێن كە خەندە و پێكەنین، سەركەوتنی مرۆڤ لە كارەكانیان دەردەخات كە لە ئەنجامدا كاریگەریی لەسەر تەندروستیی گشتیی مرۆڤ دەبێت.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د