هۆكاری وشكبوونی دەستەكان لە بەهاردا و چارەسەركردنی

:: PM:01:53:19/03/2026 ‌
دەستەكان تەنیا لە وەرزی زستاندا وشك نابن، بەڵكو لە وەرزی بەهاریشدا بەهۆی گۆڕانكاریی كەشوهەوا، هەمان كێشە بۆ دەستەكان دروست دەبێت، بۆ ئەوەیش پێست وشك و زبر دەبێت و دواتریش كاریگەریی لەسەر شكڵی پێستی دەستەكان دەكات. بۆیە چارەسەری پێویستە كە ئەستەم نییە.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ پێنجشەم 19ی ئادار، لەسەر زانیاریی پزیشكانی بواری پێست هەواڵی لەسەر وشكبوونی دەستەكان لە وەرزی بەهاردا بڵاو كردووەتەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دەكات، مەرج نییە وشكبوونی دەستەكان تەنیا لە وەرزی زستاندا بێت، چونكە بەپێی گۆڕانی وەرزەكان، هەمان كاریگەری دروست دەكەن، بەتایبەتی لە وەرزی بەهار، ئەویش گۆڕانكاریی كەش و نزمبوونەوەی شێ و بەدوایدا زۆریی تیشكی خۆر و كاریگەرییەكانی.

هاوكات ئەوەیش دەڵێن كە فاكتەری دەرەكی كە پێوەندیی بە گۆڕانی كەشەوە دەبێت، تاكە هۆكار نییە بۆ وشكبوونی دەستەكان، بەڵكو زۆر شوشتنی دەستەكان و بەكارهێنانی ئاوی گەرم، لەگەڵیدا بەكارهێنانی مادەكانی پاككەرەوەی ناوماڵ، هەموو ئەوانە كاریگەرییان لەسەر وشكبوونی دەستەكان هەیە.

پسپۆرانی بواری پێست ئەوەیش دەڵێن كە وێڕای ئەوەی شوشتنی دەستەكان زۆر پێویستە، بەڵام فاكتەرە دەرەكییەكان وشكبوونەوە زیاتر دەكەن و شكڵی پێستەكە تێكدەدەن، بۆیە گرنگە لەگەڵ شوشتنی دەستەكان، بەدوایدا زەیتی سروشتنی بۆ وشكبوونەوەی بەكار بهێنرێت، چونكە سابوون و  پاككەرەوەكانی تر، لە سەرەوەی پێستەكەوە دەچنە ناوەوە و ئەو مادە چەورییانە دەشكێنن كە شانەكان بەیەكتر دەبەستنەوە. بۆیە بەكارهێنانی زەیتی سروشتی لە دوای شوشتنی دەستەكان زۆر پێویستە.

لەبارەی ئەو كرێمانەی كە لە دوای شوشتنی دەستەكان بەكار دەهێنرێن، دووپاتی دەكەنەوە ئەوانە بەكار بێنن كە بە مادەكانی نیاسینامید دەوڵەمەندن، چونكە ئەو مادەیە بەباشی پێست دەپارێزی و وا دەكات دەستەكان بە تەڕی بمێننەوە، هەروەها ترشەڵۆكی هیالۆرۆنیك كە ئاو لە پێست هەڵدەگرێت، بەهەمانشێوە لەناو ئەو كرێمانەدا هەیە.

دواتریش پزیشكان دووپات دەكەنەوە كە تەڕبوونی جەستە بەشێوەیەكی گشتی و ژینگە بەتایبەتی، لەو رووەوە رۆڵی بەرچاو دەبینن، بۆیە گرنگە بەردەوام ئاو بخورێتەوە، هەروەها لە ژووری نوستن پێویستە لە وەرزەكانی زستان و بەهاردا، هەواكەی بەجۆرێك بێت ئاست بۆ وشكبوونی پێست دابنێت.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د