بەپێی ئەو توێژینەوانەی تا ئێستە كراون، رووەكەكان بەشێوەیەكی گشتی بۆ تەندروستی سوودبەخشن و هەر جۆرێكیان سوودی جیای لەوانی تر هەیە، پسپۆرانی بواری خۆراكیش دووپاتی دەكەنەوە كە رووەك خۆی بەشێوەیەكی گشتی سوودمەندە، بەڵام لەناویاندا چوار جۆر دەستنیشان دەكەن كە سوودەكەیان بۆ تەندروستی مرۆڤ وەك خشڵە.
بەشی زانست و تەندروستیی پێگەی "
شەرق ئەوسەت" كە هەواڵەكەی لە پێگەی "ڤێری وێڵ هێلس" وەرگرتووە كە پسپۆرانی بواری خۆراك قسەیان بۆ كردووە، ئاماژە بەوە دەدەن كە رووەكەكان بەشێوەیەكی گشتی زۆر سوودبەخشن بۆ تەندروستیی مرۆڤ، بەڵام لە ناویاندا شبیت، مەعدەنووس، رەیحان و زەعتەر لە سەرجەمیان زیاتر سوود بە مرۆڤ دەگەیەنن، بۆیە لێرەدا باس لە سوودە ناوازەكانی ئەو رووەكانە دەكرێت كە بۆ تەندروستی جۆرێكن لە خشڵ.
پسپۆران دەڵێن كە رووەكی شبیت بە مادەكانی بۆ دژەئۆكسید و هەوكردن دەوڵەمەندە، بۆیە توێژینەوەكان ئاماژە بەوە دەدەن كە شبیت ئاستی كۆلیسترۆڵی خراپ دادەبەزێنێت. هاوكات پارێزگاری لە هاوسەنگیی شەكرەی خوێن دەكات. لەوانەیش گرنگتر رۆڵی بەرچاوی هەیە لە كەمكردنەوەی ئازاری منداڵبوون، جیا لەوەی رۆڵی لە كەمكردنەوەی تەواوی ئازارەكانی تریش هەیە.
هەروەها مەعدەنووسیش رووەكێكی تری زۆر بە سوودە بۆ تەندروستیی مرۆڤ، تامی تایبەتی هەیە و لە تام و رەنگیش بە كەرەوز دەچێت، ئەویش بە دژەئۆكسید و ڤیتامین "سی" دەوڵەمەندە، بۆیە توێژینەوەكان بەوە گەیشتوون كە مەعدەنووس رێگە لە تێكچوونی شانەكان دەگرێت. پارێزگاری لە تەندروستیی دڵ دەكات. تووڕەیی كەمتر دەكاتەوە و رۆڵی هەیە بۆ ئارامكردنەوە. بەشێوەیەكی گشتی رۆڵی زۆری هەیە بە كەمكردنەوەی دڵەڕاوكێ.
هاوكات باس لە سوودەكانی رەیحان دەكرێ وەك رووەكێك بۆ تەندروستیی مرۆڤ زۆر سوودبەخشە، ئەویش بە دژەئۆكسدی وەك فلافونویدات و بۆلیفینۆلات و ترشەڵۆكی فینولی دەوڵەمەندە، لە سوودەكانی باس لەوەش دەكرێ كە رەیحان هۆكارە بۆ لەناوبردنی هەوكردن بەهەموو جۆرەكانیەوە، پارێزگاری لە تەندروستیی دڵ و مێشك دەكات.
دواتریش پسپۆران باس لە رووەكی زەعتەر دەكەن كە ئەویش بە دژەئۆكسید دەوڵەمەندە وەك فلافونویدات، ئەوەیش دژە بەكتریا و هەوكردن بە جەستە دەدات. توێژینەوەكان بەوە گەیشتوون كە خواردنی زەعتەر رۆڵی زۆری هەیە بۆ دابەزاندنی كێش و كەمكردنەوەی چەوری لە جەستە.