هۆشداریی.. جەژنە و وریای زێدەڕۆیی لە خواردنی كێك و كولیچە بن

:: PM:08:01:22/03/2026 ‌

رێوڕەسمەكانی جەژنەكان زۆرن، بۆیە لە زۆربەیاندا خواردنی كێك و كولیچە بوونەتە دیاردەیەكی كۆن و تا ئێستەیش بەردەوامە، بۆیە كە ئێستە لەناو جەژنداین، كێك و كولیچە لە تەواوی ماڵەكاندا بوونیان هەیە و دەخورێن، پسپۆرانی بواری خۆراكێش هۆشداریی لە زێدەڕۆیی لە خواردنیان دەكەن كە كاردانەوەی نەرێنییان لەسەر تەندروستی دەبێت.

بەشی تەندروستیی پێگەی "ئەهرام"ی میسری، هەواڵێكی لەبارەی كێك و كولیچە لە جەژندا بڵاو كردووەتەوە كە پسپۆرانی بواری خۆراك، قسەیان بۆ پێگەكە كردووەتەوە و هۆشداریمان پێ دەدەن لە زێدەڕۆیی لە خواردنیان، چونكە بەهۆی شیرینی و چەورییەكەیانەوە، ئەگەری زۆرە تووشی كێشەی تەندروستیمان بكەن، بەتایبەتی ئەوانەی كێشەی دڵ و شەكرە و نەخۆشییە درێژخایەنەكانیان هەیە.

پسپۆران دەڵێن، لەبەرئەوەی لە جەژندا كێك و كولیچەی زۆر لە ماڵەكاندا هەن و لە بۆنەكەدا دەخورێن، زۆرن ئەوانەی بەبێ هۆشیاری زێدەڕۆیی لە خواردنیان دەكەن. وێڕای ئەوەی ئەو جۆرە خۆراكانە بە چێژن، بەڵام بۆ تەندروستی بێ زیان نین، بەتایبەتی بەهۆی شیرینی و چەورییەكەیەوە، دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی كێش و قەڵەوبوون، هەروەها دەبێتە هۆی سكئاوسان و كێشەی هەرس و هەستكردن بە داهێزرانی جەستە.

ئەوەیش دەڵێن كە بەهۆی شیرینییەكەیەوە، مەترسی بۆ سەر ئەوانەی كێشەی شەكرەیان هەیە دروست دەكەن، چونكە ئاستی گلۆكۆز لە جەستەدا بەرز دەبێتەوە، هاوكات نزمبوونەوەی وزە و بەدوایدا هەستكردن لە ماندوویەتی. دووپات دەكەنەوە كە گرنگە كاتی خواردنی كێك و كولیچە بە رێكوپێكی بێت و نابێ بە گەدەی بەتاڵ بخورێن، لەگەڵیدا پێویستە بەرلە خەوتن لێیان دوور بكەونەوە.

پسپۆران ئاماژە بەوەش دەدەن، هەوڵ بدەن لەو رۆژانەی جەژندا كە زیاتر كێك و كولیچە دەخورێن، لەگەڵیدا بایەخ بە خواردنی میوە و سەوزەكان بدەن، هاوكات ئاوی زیاتر بخۆنەوە كە بۆ هەرس سوودبەخشە و كاریگەرییە نەرێنییەكانی شیرینییەكە كەمتر دەكاتەوە. پاشان دوای خواردنی كێك و كولیچە، باشترە هەندێك بجووڵێنەوە و زۆر دانیشتن زیانتان پێ دەگەیەنێت.

دواتریش ئامۆژگاریی ئەوانە دەكەن كە نەخۆشییەكانی شەكرە و دڵیان هەیە یان قەڵەون، لە زۆر خواردنی كێك و كولیچە دوور بكەونەوە، چونكە زیانەكانی زۆر لە سوودەكانی زیاترن. 


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د