ئەوە راستە كە باڵابەرزی جۆریك باوەڕبەخۆبوون لە رووی كۆمەڵایەتییەوە بە مرۆڤ دەدات، بەڵام بەپێی ئەو توێژینەوانەی تا ئێستە كراون، كورتەباڵاكان كەمتر تووشی نەخۆشییە مەترسیدارەكان دەبنەوە بەراورد بە باڵابەرزەكان، بەتایبەتی نەخۆشییەكانی شێرپەنجە و دەمارەكان.
پێگەی "شەرق ئەوسەت" كە پشتی بە راپۆرتێكی رۆژنامەی "نیویۆرك پۆست" بەستووە، لەوێدا بە وردی باس لەوە دەكرێ كە كورتەباڵاكان كەمتر تووشی نەخۆشییە درێژخایەن و مەترسیدارەكان دەبنەوە بە بەراورد بە باڵابەرزەكان، چونكە زۆر كەمتر تووشی شێرپەنجە و شكانی ئێسك و نەخۆشییە دەمارییەكان دەبنەوە، ئەوەیش بەپێی ئەو توێژینەوانەی تا ئێستە كراون.
لە ساڵی 2014دا توێژینەوەیەك لە سوید ئەنجام دراوە كە زیاتر لە پێنج ملیۆن كەس لە هەردوو باڵابەرزی و كورتەباڵایی بەشدارییان تێدا كردووە، لەوێدا توێژەران بەوە گەیشتوون كە ئاستی بەرزیی باڵا لە 10 سانتیمەتر، مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی 11% لە پیاوان و 18% لە ژنان هەیە، لە ژنە باڵابەرزەكان زیاتر تووشی شێرپەنجەی مەمك دەبن، لە كاتێكدا رێژەكە بۆ شێرپەنجەی پێست "میلانوما" بۆ 30% بەرز دەبێتەوە، بەڵام ئەوەیان بۆ كورتەباڵاكان زۆر كەمتر دەنوێنێت.
بەپێی شیكردنەوەیەك لە سندووقی جیهانی بۆ لێكۆڵینەوە لە كەسە باڵابەرزەكان، دەركەوتووە ئەوان زیاتر تووشی نەخۆشییەكانی شێرپەنجەی گورچیلە و پەنكریاس و قۆڵۆن و پرۆستات دەبنەوە بەراورد بە كورتەباڵاكان. بۆیە تا ئاستی بەرزیی باڵا زیاتر بێت، ئەوكات ئاستی هۆرمۆنەكانی گەشەكردن زیاتر بەرز دەبنەوە و ژمارەی خانەكانیش زیاتر دەبن، ئەوەیش كاریگەریی زۆری هەیە بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەكان.
بەپێی توێژینەوەیەك كە لە ساڵی 2017دا ئەنجام دراوە و زیاتر لە دوو ملیۆن خوشك و برای باڵابەرز بەشدارییان تێدا كردووە، دەركەوتووە زۆربەیان بەهۆی بەرزیی باڵایانەوە زیاتر تووشی جەڵتەی خوێن و دەمارەكان بوون، ئەو حاڵەتەیش پێی دەگوترێ خەستبوونی خوێن لە دەمارەكان "ڤی تی ئی". بۆیە زۆبەی ئەوانەی باڵایان كەمتر لە 160 سانتیمەترە، زۆر كەمتر تووشی ئەو نەخۆشییە دەبن وەك ئەوانەی باڵایان زیاتر لە 188 سانتیمەترە.
دواتریش بەپێی توێژینەوەكان، تەمەنی ئەوانەی كورتەباڵان، زیاتر دەبێت وەك لە باڵابەرزەكان، بۆ ئەوەیش خەمڵاندنەكان بەو شێوەیەیە كە دوو تا پێنج ساڵ تەمەنیان درێژتر دەبێت.