بۆ باشتربوونی خەوی ئاسوودە.. یۆگا باشترین چارەسەرە

:: PM:02:23:31/03/2026 ‌
راهێنانە وەرزشییەكان هۆكاری زۆرباشن بۆ خەوی ئاسوودە، بەڵام بەپێی ئەنجامدانی توێژینەوەیەكی زانستی كە لە چیندا كراوە، توێژەران بەوە گەیشتوون كە باشترین چارەسەر بۆ كێشەكانی خەوتن، راهێنانی یۆگایە، جیا لەوەی سوودی زۆری بۆ تەندروستیی گشتیش هەیە.

بەشی زانست و تەندروستیی پێگەی "عەرەبیە" كە هەواڵەكەی لە پێگەی "ساینس ئەلێرت" تایبەت بە زانست وەرگرتووە، لەوێدا توێژینەوەكە بڵاو كراوەتەوە و ئاماژە بەوە دەكات، بۆ نەهێشتنی كێشەكانی كەمخەوی و خەوتن بەشێوەیەكی گشتی، یۆگا باشترین چارەسەرە و چارەسەرەكەیشی دوورمەودایە، جیا لەوەی راهێنانی یۆگا بۆ تەندروستیی گشتیشدا رۆڵی بەرچاو دەبینێت.

ئاماژە دراوە كە توێژینەوەكە لە زانكۆی "هاربین"ی وەرزشی لە چیندا ئەنجام دراوە، لەوێدا توێژەران پێیان وایە وەرزش بەهەموو جۆرەكانیەوە بۆ خەوی ئاسوودە بەسوودە، بەپێی ئەنجامی توێژینەوەكە، یۆگا باشترین رێگەی چارەسەرە بۆ نەهێشتنی كێشەی كەمخەوی.

ئەوەیش دەڵێن كە توێژینەوەكە لە 12 وڵات تاقیكردنەوەی بۆ كراوە و تێیدا دوو هەزار و 500 كەس لە تەمەنی جۆراوجۆر بەشدارییان تێدا كردووە، تەواوی بەشداران كێشەی خەوتنیان هەبووە، لە ئەنجامی توێژینەوەكەدا بەوە گەیشتوون، وەرزشی یۆگا ئەگەر بەلای كەمەوە دووجار لە هەفتەیەكدا 30 خولەك بكرێت، دەبێتە باشترین چارەسەر بۆ كێشەكانی خەوتن و كەمخەوی و نەهێشتنی كێشەكانی.

دواتریش توێژەران باس لەوە دەكەن كە لە دوای وەرزشی یۆگا، وەرزشی راهێنانی جەستەیی دێت كە بەهەمانشێوە رۆڵی هەیە بۆ نەهێشتنی كێشەكانی كەمخەوی، پاشان وەرزشی بەرگریكردن ئەگەر لە ماوەی هەشت تا 10 هەفتە ئەو وەرزشە بكرێت، ئەویش رۆڵ دەبینێ لە نەهێشتنی كێشەكانی خەوتنی ئاسوودە.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د