زانیاری لەبارەی سوودەكانی سركە بەگشتی و بەتایبەتی بۆ گەدە دەخرێتەڕوو

:: PM:01:19:08/04/2026 ‌
سركە بەتایبەتی سركەی سێو، سوودی زۆری بۆ تەندروستی بەشێوەیەكی گشتی هەیە، بەتایبەتی سوودەكانی بۆ گەدە زیاترن، وێڕای ئەوەی بەڵگە زانستییەكان لەوبارەیەوە سنووردارن. بەڵام پسپۆرانی بواری خۆراك بۆ بەشی تەندروستیی پێگەیەكی ئەلیكترۆنی، بە وردی باس لە سوودەكانی سركە دەكەن و لە ناویاندا گەدە و ئەركی هەرس.

بەشی زانست و تەندروستیی پێگەی "شەرق ئەوسەت" كە هەواڵەكەی لە پێگەی "ئێڤری دای هێڵس" وەرگرتووە كە پسپۆرانی بواری خۆراك قسەیان بۆ كردووە، ئاماژە بە سركە و سوودەكانی دەكەن كە تەنیا بۆ چێژ و خۆشكردنی زەڵاتە نییە، بەڵكو زۆرترین سوودەكانی بۆ گەدە و ئەركی هەرس هەیە، بەتایبەتی سركەی سپی كە خۆی لە سێو دەبینێتەوە. سركە خۆی لە ئاو و ترشەڵۆكی ئەسیتیك دەبینێتەوە كە لە كۆنەوە بۆ دەرمانیش بەكار هێنراوە و تا ئێستەیش سوودی زۆری لێ دەبینرێت وەك تێكەڵكردنی لەگەڵ زۆربەی خواردنەكان.

پسپۆران باس لەوە دەكەن كە سركە بۆ تەندروستیی گەدە و هەرس زۆرباشە، وا دەكات ترشەڵۆكی گەدە زیاد بكات و ئەویش بۆ هەسكردن رۆڵ دەبینێت، هاوكات سكئاوسان و غازات كەم دەكاتەوە و باكتریای باشیش لە هەرسدا هاوسەنگ دەكات، بەڵام گرنگە لەگەڵ ئاودا تێكەڵ بكرێت تا كاریگەریی نەرێنیی لەسەر تێكچوونی گەدە و مینای ددانەكان نەبێت.

ترشەڵۆكی ئەسیتیك كە لە سركەدا هەیە، ترشەڵۆكی گەدە بەرهەم دێنێت، ئەویش رۆڵی سەرەكی هەیە بۆ هاڕینی خۆراك لە گەدە و هەرسكردنی پرۆتین و چەورییەكان. هەروەها كاتێك ترشەڵۆكی گەدە باش دەبێت و یارمەتیی میكرۆبیۆمی تەندروست دەدات، پاشان هۆكارە كە خۆراك بۆ ماوەیەكی زۆر لە گەدەدا نەمێنێتەوە، ئەوەیش وا دەكات سكئاوسان و غازات نەمێنێت یان كەمتر ببێتەوە.

هاوكات باس لەوە دەكەن كە سركەی سێو واتا سركەی سپی، مادەی بریایۆتكس و برۆبیۆتكس لەخۆ دەگرێ كە دەبێتە خۆراك بۆ باكتریای سوودبەخش لە گەدەدا، ئەویش میكرۆبیۆم هاوسەنگ دەكات و ئەویش بۆ هەڵمژینی رەگەزە خۆراكییەكان رۆڵی گرنگ دەبینێت. وێڕای ئەوەی سركەی سێو زۆر سوودبەخشە، بەڵام هەندێك جار پێویستە بە وریاییەوە بەكار بهێنرێت، چونكە ئەگەری هەیە لە كاردانەوەیدا كاریگەریی لەسەر تێچوونی گەدە و زراو هەبێت یان داخورانی مینای ددانەكان، بۆیە باشترە بەرلە بەكارهێنانی، رێنوێنی لە پزیشكی تایبەت وەربگیرێت.

دواتریش پسپۆران ئاماژە بە سوودێكی تری سركەی سێو دەكەن كە بۆ نەخۆشییەكانی دڵ و شەكرە بە سوودە و پارێزگارییان لێ دەكات، ئاستی شەكر لە خوێن هاوسەنگ دەكات و یارمەتیدەرە بۆ دابەزاندنی كێش. بۆیە پسپۆران رێنوێنی دەكەن كە سركە وەك هەر خۆراكێكی تر، نابێ زێدەڕۆیی لە بەكارهێنانی بكرێت، چونكە ئەوكات سوودەكانی پێچەوانە دەبنەوە.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د