وێڕای سوودەكانی خواردنەوەی ئاو بەرلە خەوتن.. زیانیشی هەیە

:: AM:11:36:14/04/2026 ‌
بۆچوونی باو لەبارەی خواردنەوەی ئاو بەرلە خەوتن لەناو خەڵكدا هەیە كە بۆچوونی جیاوازن، هەن پێیان وایە سوودی زۆری بۆ تەندروستی و هاوكات خەوی ئاسوودە هەیە، هەندێكیش پێیان وایە پێچەوانەكەی دروستە و دەبێتە هۆی تێكچوونی خەو. پزیشكان لەوبارەیەوە زانیاری دەخەنەڕوو.

پێگەی "عەرەبیە" هەواڵەكەی لە راپۆرتێكی پێگەی ئەلیكترۆنیی "ڤێری وێل هێڵس" وەرگرتووە كە پزیشكان لەبارەی خواردنەوەی ئاو بەرلە خەوتن زانیارییان خستووەتەڕوو. بەشێوەیەكی گشتی زۆربەی بۆچوونەكان لەوە كۆ دەبنەوە كە سوودەكانی خواردنەوەی ئاو بەرلە خەوتن زۆر زیاترە لە زیانەكانی، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی لە رۆژدا تێرخەو نابن، دەتوانن لە شەودا بە خواردنەوەی ئاو بەرلە خەوتن قەرەبووی بكەنەوە و جەستەیان بە تەڕی بمێنێتەوە و وشك نەبێت.

پزیشكان دەڵێن كە خواردنەوەی ئاو بەرلە خەوتن، وا دەكات جەستە لە وشكبوون بپارێزێ و بە تەڕی بمێنێتەوە، ئەوەیش كاریگەریی لەسەر رێكخستنی پلەی گەرمیی جەستە دەبێت و رۆڵی لە سووڕانەوەی خوێن بە دەمارەكان لە خەودا دەبێت، جیالەوەی رۆڵی لە نەهێشتنی سەرئێشە و ئازاری ماسولكە هەیە كە بەهۆی وشكبوونی جەستە دروست دەبێت.

هاوكات باس لەوەیش دەكەن كە خواردنەوەی ئاو بەرلە خەوتن، كاریگەریی لەسەر باشتربوونی ئەركی هەرسیش لە كاتی خەودا دەبێت، هەروەها هەستی تێربوون زیاتر دەكات و ئارەزووی خواردن ناهێڵێت، جیالەوەی بە ناڕاستەوخۆ هۆكارە لە نەهێشتنی دڵەڕاوكێ و خەمۆكی، ئەوەیش وا دەكات خەوتن زیاتر ئاسوودە بێت.

لەبارەی زیانەكانی خواردنەوەی ئاو بەرلە خەوتن پزیشكان دەڵێن، زیانەكانی زیاتر لەوەیە ئەگەر ئاوی زۆر بخورێتەوە، ئەوەیش كاریگەریی لەسەر جۆری خەوتن دەكات، چونكە كەسەكە لە شەودا چەند جارێك بۆ میزكردن بە ئاگا دێتەوە، ئەوەیش وا دەكات تێرخەو نەبێت، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی بەساڵاچوون یان ئەوانەی زیاتر كافاین بەكار دێنن یان مادەی كحوول دەخۆنەوە. هەموو ئەوانە دەبنە هۆی تێكچوونی خەو.

دواتریش پزیشكان ئامۆژگاری دەكەن كە زۆر گرنگە بەرلە خەوتن بە دوو تا سێ سەعات ئاو نەخورێتەوە یان كەمتر. واتە خواردنەوەی ئاو بەرلە خەوتن سوودی دەبێت ئەگەر بە كەمی بخورێتەوە و زێدەڕۆیی لە خواردنەوەی نەكرێت.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د