خوێ و مەترسییەكانی.. خوێدان لەسەر مێزی خواردن دامەنێن

:: PM:03:44:14/04/2026 ‌

لە توێژینەوەیەكی نوێدا دەركەوتووە كە پیاوان زیاتر لە ژنان ئارەزووی زیاتری خوێ لەناو خواردن دەكەن، بۆیە ئەوان زیاتر تووشی نەخۆشییە درێژخایەنەكان دەبن، مەترسییەكەی لەوەدایە كە زۆرجار خوێدان لەسەر مێزی خواردن دادەنرێت و وێڕای ئەوەی خواردنەكە خوێی تێدایە، كەچی خوێی زیاتر بەكار دەهێنرێت، بۆیە ئامۆژگاری دەكرێ كە خوێدان لەسەر مێزی خواردن دامەنێن.

پێگەی "شەرق" هەواڵەكەی لە گۆڤاری  Frontiers in Public Health وەرگرتووە كە لەوێدا توێژینەوە نوێیەكە بڵاو بووەتەوە، ئاماژە بەوە دراوە كە ئەو دیاردەیە بەتایبەتی ئەگەر ببێتە خوو و رۆژانە بەكار بهێنرێت، مەترسییەكی رژد بۆ تەندروستی دروست دەكات، چونكە بەپێی زانیاریی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی، مرۆڤ رۆژانە پێویستیی بە پێنج گرام خوێ دەبێت، كاتێك رێژەكە بۆ 10 تا 20 گرام بەرز دەبێتەوە، ئەوكات ئەو نەخۆشییانەی بەهۆی سۆدیۆمی زیاتر روو لە مرۆڤ دەكەن، زیاتر دەبن.

توێژەران دووپات لە مەترسییەكانی خوێدان لەسەر مێزی خواردن دەكەنەوە كە كەم نین ئەوانەی ئەوەیان كردووە خوو بەتایبەتی ئەو كەسانەی چوونەتە ناو تەمەنەوە، چونكە كاتێك خواردن خۆی خوێی تێدا دەكرێت، لەوەیش زیاتر بەهۆی خوێدانەوە سودیۆمی زیاتری دەخرێتەسەر، ئەوكات مەترسییەكانی لەسەر پاڵەپەستۆی خوێن و گورچیلە و دڵیش دەبێت.

توێژەران باس لە مەترسییەكانی سۆدیۆم دەكەن ئەگەر زێدەڕۆیی لێ بكرێت و ئاماژە بەو نەخۆشییانە دەدەن كە مرۆڤ بەهۆیەوە تووشیان دەبێت، لەناویاندا بەرزبوونەوەی پاڵەپەستۆی خوێن، كە دواتر بەهۆیەوە كەسەكە تووشی نەخۆشییەكانی دڵ بەتایبەتی جەڵتە دەبێت. تەنانەت دەمارەكان تەسك دەبنەوە و ئەگەری هەیە كەسەكە تووشی جەڵتەی دڵ یان مێشك ببێت.

باس لەوە دەكەن كە گورچیلە بەرپرسە لە رێكخستنی ئاستی سودیۆم لە جەستەدا، كاتێك سۆدیۆمی زیاتر بە خوێن دەگات، ئەوكات گورچیلە لە ئەركەكەی ماندوو دەبێت، بەوەش تووشی لاوازی یان شكست دەبێت. هاوكات زۆربوونی سۆدیۆم وا دەكات جەستە پێویستیی بە ئاوی زیاتر بێت، ئەوەیش وا دەكات جەستە تووشی ئاوسان بێت بەتایبەتی لە رووخسار و پێیەكان.

دواتریش توێژەران باس لە زێدەڕۆیی لە بەكارهێنانی خوێ دەكەن كە كاریگەریی لەسەر مێشك دەبێت بەتایبەتی بەساڵاچووان، ئەگەری هەیە تووشی وەستانی مێشكیان بكات. جیالەوەی زۆر بەكارهێنانی خوێ وا دەكات هەستی تامكردن لاواز بێت یان هەر نەمێنێت.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د