چۆن دەزانی خوێنبەرەكانت تەسك بوونەتەوە یان گیراون؟

:: PM:09:38:16/04/2026 ‌

لەبەر چەند هۆكارێك مرۆڤ تووشی رەقبوونی خوێنبەرەكان دەبێت، واتە تەسكبوونەوە و گیرانی لوولەكانی خوێن بۆ دڵ و لەش دەبەن، لە ئەنجامی كەڵەكەبوونی نیشتەنییەكان لەسەر دیواری ناوەوەی لوولەكان و رێگری لە گەیشتنی خوێن دەكەن و چەند نیشانەیەكی هەیە و مەترسیی گەورەشی بەدواوەیە.

بەهۆی شێوازی شیانی خامۆش و سیستمی خۆراكی ناتەندروست و چوونە ناو تەمەنەوە، چەوری و كۆلیسترۆل و كالیسیۆم لەسەر ناوپۆشی خوێنبەرەكان دەنیشێت، دەبێتە هۆی بەزەحمەت گەیشتنی خوێن بۆ بەشەكانی لەش، لەوانە لە خوێنبەرەكانی قاچ و دڵ و گورچیلە.

لە نیشانەكانی رەقبوونی خوێنبەرەكان و داخرانیان، ئازاری سینگ و تووشبوون بە سینگەكوژێ، ئازاری قاچ و قۆڵ یان ئەو شوێنەی خوێنبەرەكەی تیادا گیراوە، هەناسەتەنگی و ماندووبوون و شپرزەیی، ئەگەر داخرانەكە لە مێشك بێت، لاوازیی ماسولكەی قاچ بەهۆی سستی سووڕی خوێن.

لە نیشانەكانی دڵەنۆرە، كە رەنگە بەهۆی رەقبوونی خوێنبەرەكانەوە دروست ببێت، ئازاری سینگ و شانەكان و پشت و مل و باسك و شەویلاك، ئازاری سك و هەناسەتەنگی و ئارەقەكردن، سەرسووڕان و هێڵنج و رشانەوە، لە نیشانەكانی سەكتەی مێشك، لاوازی ماسولكەكانی دەموچاو و پەلەكان، كێشە لە قسەكردن و تێگەیشتنی قسەكردن، كێشە لە بینین و لەدەستدانی هاوسەنگی و سەرئێشەی توند و كتوپڕ. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل