كاركردنی هەمەجۆر لە یەك كاتدا كاریگەریی لەسەر لاوازبوونی یادەوەری و سەرنج دەبێت

:: PM:01:18:19/04/2026 ‌
لە توێژینەوەیەكی نوێدا توێژەران بەوە گەیشتوون كە ئەوانەی لە یەك كاتدا كار لەسەر كارگەلێكی هەمەجۆر دەكەن، كاریگەریی لەسەر یادەوەری و سەرنجیان دەبێت، بەلای كەمەوە لە درێًژمەودادا ئەو كاریگەرییە دروست دەبێت.

پێگەی "شەفەق نیوز" هەواڵەكەی لە گۆڤاری "نیچەر" وەرگرتووە كە لەوێدا توێژینەوەكەی زانكۆی ستانفۆرد بڵاو كراوەتەوە، تێیدا بە وردی باس لەوە دەكات هەموو ئەوانەی لە یەك كاتدا خەریكی كارگەلێكی هەمەجۆرن، لە درێژمەودادا كاریگەریی نەرێنیی لەسەر سەرنج و یادەوەرییان دەبێت و بەرەو لاوازیان دەبات، چونكە مێشك ئاڵۆز و ماندوو دەكات و وا دەكات بە ئاسانی نەتوانێ زانیارییەكان پێكەوە كۆ بكاتەوە و هەڵیانبگرێت.

توێژەرانی توێژینەوەكە، نموونە بەوە دەهێننەوە كە كەسێك لە یەك كاتدا خەریكی خوێندنەوەی كتێب بێت و هاوكات گوێ لە موزیك بگرێت، یان كەسەكە لە یەك كاتدا بە دوو تەلەفۆن قسە لەگەڵ دوو كەس دەكات، ئەوكات سەرنجەكانی پەرت دەبن و تووشی ئاستەنگ لە كۆكردنەوەی زانیارییەكان دەبێت، رەنگە كەسەكە بتوانێ زانیارییەكان وەربگرێت، بەڵام لە درێژمەودادا سەرنج و یادەوەریی تووشی لاوازبوون دەبێت.

لە توێژینەوەیەكی تریشدا كە لە گۆڤاری "بسیكۆمۆنیك پۆلیتن ئەند ریڤیۆ" بڵاو كراوەتەوە، دووپات لەوە كراوەتەوە كە كارگەلێكی هەمەجۆر لە یەك كاتدا، كۆكردنەوەی زانیاری لە مێشكدا ئاڵۆز دەكات، بۆ ئەوەیش بەهەمانشێوە كاریگەریی لەسەر سەرنج و لاوازبوونی دەبێت.

توێژەرانی ئەو توێژینەوەیش دەڵێن، ئەو خووە وا دەكات مێشك ئاڵۆز و ماندوو بێت و یادەوەری و سەرنجیش پاشەكشە بكەن، واتە لاواز بن، بۆیە ئەگەری زۆرە كەسەكە هەڵەی زۆرتر بكات و دواتریش كاریگەریی لەسەر بەرهەمەكانی هەبێت و كەمتریان بكاتەوە.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د