بۆچی هەندێك شت لەپێش چاون و نابینرێن؟

:: PM:06:22:20/04/2026 ‌

رەنگە زۆر كەس تێبینی كردبێت كە هەندێك شت لەپێش چاون و نابینرێن، بابەتەكە پێوەندیی بە میكانیزمی كاركردنی مێشكەوە هەیە، بەپێی  راپۆرتەكان ئەو حاڵەتە پێوەندی بە دیاردەی "كوێری بێ مەبەست" هەیە، كاتێك مێشك بە بابەتێكی دیاریكراو سەرقاڵە و زانیارییەكانی تر پشتگوێ دەخات.

وەك لە ماڵپەڕی " The Conversation "، هاتووە، بەپێی زانیارییەكان پرۆسەی بینین پشت بە ئاگەداربوونەوە دەبەستێت، واتە ئەو شتانەی گرنگن و سەرنج دەخرێتە سەریان ئەوان دەبینرێن، وەك رووناكییەك وان دەخرێنە سەر بەشێكی بچووكی دیمەن و وێنەكەی پێش چاو، لەوكاتەی بابەتەكانی تر پشتگوێ دەخرێن.

جیا لەوە ناوەندی بینی تیژ لە چاوەكان، رووماڵی رووبەرێكی زۆر بچووك دەكات، ئەوەش پاڵ بە چاو دەنێت بۆ جووڵانەوەی بەردەوام و خێرا بە مەبەستی رووماڵكردنی دەوروبەر، توێژینەوەكان دەریان خستووە بینین شتەكان تەنیا پێوەندی بەوەوە نییە كە چاو چی دەبینێت، بەڵكو پێوەندی بە مێشكەوەش هەیە كە پێشبینی بینین چی دەكات، بۆیە كەسانێك بەدوای كلیلەكانیان دەگەڕێن، كاتێك لەپێش چاویانە و كەسانی تر راستەخۆ دەیبینن. 

بۆیە تێبینینەكردنی شتەكانی بەرچاو مانای لاوازیی بینین نییە، بەڵكو ئەنجامێكی سروشتی كاركردنی مێشكە لە رێكخستنی زانیارییەكان، ئەو حاڵەتە دووپاتی دەكاتەوە كە بینین تەنیا پێوەست نییە بە چاوەكانەوە، بەڵكو كارێكی ئاڵۆزی مێشكە، كاتێك سەیری شتەكان دەكەین و نایانبینین.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل