ئازاری مل پێوەندیی بە كێشەی دڵەوە چییە؟

:: PM:06:51:21/04/2026 ‌

زۆرێك باوەڕیان وایە كە ئازاری مل پێوەندی بە بوونی كێشە لە دڵ هەیە، پزیشكێك ئاماژە دەكات كە رەنگە لە هەندێك حاڵەتدا ئازاری مل نیشانەیەكی ناراستەوخۆ بێت بۆ كێشەی دڵ، بەتایبەتی سینگەكوژێ، كاتێك ئازارەكە لە سینگەوە بەرەو ناوچەكانی تری لەش دەچێت لەوانە بۆ مل و شەویلاك و شانەكان.

د. شەریف حوسێن راوێژكاری نەخۆشییەكانی دڵ و قەستەرە دەڵێت، ئەو ئازارە بەهۆی كەمیی گەیشتنی خوێن بۆ ماسولكەی دڵ دروست دەبێت، هەستێكی پەستان و ئازار دروست دەكات و رەنگە ئازارەكە تەنیا لە سینگ نەبێت، روونی كردەوە، ئازارەكەی پێوەست بە دڵ هەستكردنە بە پەستان یان قورسبوون، نەك ئازارێكی توند، لە سینگەوە بەرەو مل و شەویلاك درێژ دەبێتەوە، لەگەڵ ماندووبوون و رارایی زیاد دەكات و بە حەسانەوە نامێنێت. 

ئەو پزیشكە دەڵێت، هەموو ئازارەكانی مل پێوەست نین بە دڵەوە، لە هۆكارەكانی تری ئازاری مل، گرژبوونی ماسولكەكان و دانیشتنی بەهەڵە و بوونی كێشە لە بڕبڕەكانی مل و رارایی و شەكەتی و نوستنی ناتەندروست، ئەو پزیشكە دووپاتی كردەوە كە ئەگەر ئازاری سینگ هەناسەتەنگی و ئارەقەكردنی زۆر و سەرسووڕان و هێڵنج و دڵەكوتەی لەگەڵ بێت، ئاماژەیە بۆ كێشەی دڵ كە پێویستە زوو چارەسەر بكرێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل