یەكێك لە كێشەكانی زۆر كەس بە دەستییەوە دەناڵێنن، بەرزبوونەوەی بێ هۆكارێكی روونی پەستانی خوێنیانە، ئەوەش نیگەرانی دروست دەكات، چونكە بە نەرێنی كار لە دڵ دەكات، پزیشكێكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی دڵ ئاماژە دەكات ئەو جۆرە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن زۆر بڵاوە و تەنیا هۆكارێكی روونی راستەوخۆی نییە، بەڵكو ژمارەیەك هۆكار بەیەكەوە دروستی دەكەن.
د. شەریف حوسێن شارەزای نەخۆشییەكانی دڵ ئاماژە دەكات كە ئەوەی بە بەرزیی پەستانی خوێنی بێ هۆكار دەناسرێت، بەرزبوونەوەیەكی پەستانی سەرەتاییە و بڵاوترین جۆرە و پێوەستە بە چەند هۆكارێكی تێكهەڵكێشەوە، بەرە بەرە بەپێی كات پەرە دەستێنێت و رەنگە ماوەیەكی دوورودرێژ هیچ نیشانەیەكی نەبێت.
روونی كردەوە، چەند هۆكارێك دەبنە هۆی زیادبوونی ئەگەری تووشبوون، وەك رارایی و سترێسی بەردەوام و قەڵەوی و زۆر خواردنی سوێری و خوێ و كەمیی چالاكیی جەستەیی و شێوانی نوستن و كەمیی حەسانەوە و هۆكاری بۆماوەیی، مەترسیی ئەو حاڵەتە لەوەدایە رەنگە نیشانەیەكی روونی نەبێت، بەڵام بەرە بەرە كار لە دڵ و لوولەكانی خوێن و گورچیلە دەكات.
ئاماژەی كرد، لە هەندێك حاڵەت چەند نیشانەیەكی دەبێت، وەك سەرئێشەی دووبارەبووەوە و سەرسووڕان و لێڵبینی بینین و دڵەكوتێ، كۆنترۆڵكردنی ئەو جۆرە بەرزیی پەستانەی خوێن دەوەستێتە سەر باشكردنی شێوازی ژیان و سیستمی خۆراك و وەرگرتنی چارەسەری، لەوانە كەمخواردنی خوێ و كەمكردنەوەی كێش و وەرزشكردن و كەمكردنەوەی رارایی و سترێس.