كەسانێك هەن چاوەڕوان كۆتاهاتنی كارەكانیان دەكەن بۆ ئەوەی رۆژەكەیان بە خواردنێكی چەور لە درەنگی شەو كۆتایی پێ بێنن، یان هەیە كردوویەتییە خوێك و شەوانە پەنا بۆ خواردنی چەور دەبات و زۆر چێژی لێ دەبینێت، بەڵام پێویستە ئەوانە وریا بن كە بە تێپەڕبوونی كات كاریگەری دەخاتە سەر تەندروستیی دڵ و لوولەكانی خوێنیان.
د. سێرگی فیشتۆمۆنۆڤ پسپۆڕی نەخۆشییەكانی هەناو و دڵ وریایی لە كاریگەریی درەنگ خواردنی شەوانە بۆ سەر تەندروستیی دڵ و لوولەكانی خوێن دەدات و دەڵێت، بەتایبەتی ئەگەر خۆراكەكە چەور و سوێر بێت، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، لەوكاتەی بە شەو لەشی مرۆڤ لە دۆخی حەسانەوەدایە، ئەوەش گوشاری زیاتر دەخاتە سەر دڵ و لوولەكانی خوێن.
روونی كردەوە، شەوانە بە شێوەیەكی ئاسایی میتۆبۆلیسم سست دەبێت، ئەوەش دەبێتە هۆی لاوازبوون و سستبوونی پرۆسەی هەرسكردن، ئەوانەش دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی گلوكۆز و چەوری لە خوێندا، كە بە تێپەڕبوونی كات مەترسی لەسەر دڵ دروست دەكەن، خواردنی درەنگی شەوان كێشی لەش زیاد دەكات و ئەوەش هۆكارێكی تری مەترسییە بۆ سەر دڵ و لوولەكانی خوێن و خوێنبەرە تاجییەكان و هەرسكردنی چەوری لە لەش.