بۆچی هەندێك جار بە دەرمانیش پەستانی بەرزی خوێن دانابەزێت؟

:: PM:07:12:02/05/2026 ‌

بەرزیی پەستانی خوێن یەكێكە لە كێشە تەندروستییە بڵاوەكانی ئەو سەردەمە كە زۆر كەس ئاگەدار و بێ ئاگا بە دەستییەوە دەناڵێنن، هۆكاری زۆرە، ئەو كەسانە بۆ دابەزاندنی پەستانە بەرزەكەیان بە تەواوەتی پشت بە دەرمان دەبەستن، هۆكارەكانی تر پشتگوێ دەخەن، ئەوەش وای كردووە بە دەرمان نەوتوانرێت كۆنترۆڵی پەستانە بەرزەكەی خوێنیان بكرێت.

پەستانی بەرزی خوێن حاڵەتێكی درێژخایەنە و سەرەتا نیشانەكانی زۆر كەمن و بە بكوژی بێدەنگ دەناسرێت، پێویستە بە دەرمان لەگەڵ چەند رێوشوێنێكی تر كۆنترۆڵ بكرێت، د. تاریق بشلاوی راوێژكاری نەخۆشییەكانی هەناو و گورچیلە دەڵێت، هەندێك هۆكار هەن دەبنە هۆی كەمبوونەوەی كاردانەوەی لەش و كاریگەریی دەرمان، ئەوەش دەبێتە هۆی بەرزمانەوەی پەستانەكە.

لە هۆكارەكان، خواردنی بڕێكی زۆری سۆدیۆم وەك خوێ، بۆیە پێویستە پارێزی لە سوێری بكرێت، بوونی چەند نەخۆشییەك وەك كێشەی گورچیلەكان و پەككەوتنیان كە كار لە رێكخستنی پەستانی خوێن لە رێگەی دروستبوونی كێشە بۆ مانەوەی شلەی لەش دەكات، وەرنەگرتنی بڕی پێویستی دەرمان یان دەرمانەكە پێویستی بە گۆڕین هەیە.

هۆكاری دەروونی، واتە بەرزی پەستانی خوێن بەهۆی دەمارگیری و رارایی و نیگەرانی و سترێس، شێوانی هۆرمۆنی هۆكارێكی ترە وەك شێوانی كاری رژێنی دەرەقی و دەردانی كۆرتیزۆل و گرێی رژێنی كەزری، لە هۆكارەكانی تر وەك قەڵەوی و پچڕانی هەناسەدان لەكاتی خەودا یان وەرگرتنی دەرمانی تر كە دژی دەرمانی پەستانی خوێن كار دەكەن.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل