لە ماوەی یەك ڕۆژدا 14 حاڵەتی پێوەدان و گەستن تۆمار كراوە و سەرجەمیان چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە. 11 حاڵەتیان پێوەدانی دووپشك بووە، پزیشكێكیش هۆشداریی دەدات كە ئەمساڵ مار و دووپشك زۆر دەبن.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی كۆیە بڵاوی كردەوە، بەگوێرەی ئامارێكی نەخۆشخانەی فێركاری شەهید د. خالید، ڕۆژی هەینی ڕابردوو ئەو حاڵەتانە تۆمار كراون كە 11 لەوانەش پێوەدانی دووپشك بووە.
ئاماژەی بەوەش كردووە، دوو حاڵەتیان گەستنی سەگ بووە حاڵەتێكیشیان نەزانراوە، سەرجەم چارەخوازەكان چارەسەری پێویستیان بۆ كرا، بەگوێرەی حاڵەتەكەیان كە ئەوەش لە ڕێگەی وەرگرتنی دەرزیی دژە هاری سەگ و دەرزیی دژە ژەهر، دواتر ڕەوانەی ماڵەوە كرانەوە.
شارەزایان چاوەڕێ دەكەن ئەمساڵ دووپشك و مار زۆربن، بەهۆی بارانی زۆر و گژوگیا، تەواوی دۆڵ و دەشت و شاخەكانی داپۆشیوە، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت تا زیندەوەران رێژەیان زیاتر بێت، بۆیە هەر لە ئێستەوە هۆشداری دەدرێت كە ئەمساڵ زیاتر خۆتان بپارێزن.
سەمیرە حەمدی كە پزیشكی ڤێتەرنەرییە بۆ "وشە" رای گەیاند، ئەمساڵ رێژەی هەموو زیندەوارانی ناو سروشت زۆر زیاد دەكەن، ئەمەش بەهۆی كەشوهەوا و بارانی زۆر و بەهاری تەڕەوەیە، بۆیە دەبێت هاووڵاتییانی كوردستان بەتایبەت ئەوانەی رۆژانە لەناو سروشتدان، بەوریاییەوە مامەڵە بكەن.