كەشوهەوای ئەمساڵی عێراق و هەرێمی كوردستان جیاواز بوو، دوای زستانێكی دەوڵەمەند بە باران و سەرما و بەهارێك بە شەپۆلی بارانی بە خوڕ و تەرزە، خۆڵبارین دەستی پێ كرد و چاوەڕوان دەكرێت ئەم هاوینە بە گەرما و خۆڵبارین دەوڵەمەند بێت، بەتایبەتی كە عێراق لەبەر چەند هۆكارێكەوە رێژەی سەوزایی كەم بووەتەوە.
دوای ئەوەی دەستەی كەشناسیی عێراق لە چەند رۆژی رابردوو باسی هاتنی خۆڵبارینی لە چەند پارێزگایەكی عێراق كرد و وریایی دا بە پێویستیی داخستنی دەرگە و پەنجەرە بەتایبەتی ئەوانەی هەناسەتەنگیان هەیە، ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی عێراق دووپاتی كردەوە كە لە دوایین شەپۆلی خۆڵباریندا 1133 حاڵەتی هەناسەنگی تۆمار كراوە.
سەیف بەدر گوتەبێژ بەناوی وەزارەتەكە گوتی، بەهۆی شەپۆلی دوایی خۆڵبارین لە چەند پارێزگایەك 1133 حاڵەتی خنكان و هەناسەتنگی تۆمار كراوە، بەڵام حاڵەتی مردن نییە، حاڵەتەكان لە نێوان سووك بۆ ناوەند بووە و زۆرینەیان نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.
دووپاتی كردەوە، زیاترین حاڵەتەكان لە پارێزگای موسەنا بووە كە 576 حاڵەتە، ئینجا نەجەف 300 حاڵەت و بەغدا 200 حاڵەت.