خواردنەوەی ئاو بەپێی پێویست، ئەو رێنوێنییەیە كە بەردەوام پزیشك بۆ نەخۆشی دەخاتەڕوو تا جەستەی لە وشكبوونەوە بپارێزێت. بەشی تەندروستیی پێگەیەك بەپێی زانیاریی پسپۆرانی بواری خۆراك، بە وردی باس لە سوودەكانی ئاو دەكات كە تا چەند رۆڵی گرنگی بۆ تەواوی ئەندامانی جەستە هەیە، بۆیە لێرەدا زانیارییەكان دەخەینەڕوو.
پێگەی "ئەهرام"ی میسری كە لەبارەی سوودەكانی ئاو بۆ جەستە، زانیارییەكانی لە بەشی تەندروستیی پێگەی healthline وەرگرتووە كە لەوێدا پسپۆرانی بواری خۆراك، بە وردی سوودەكانی ئاو بۆ مرۆڤ دەخەنەڕوو كە سوودی ئاو بۆ مرۆڤ تەنیا خۆی لە پارێزگاری وشكبوونەوە خۆی نابینێتەوە، بەڵكو سوودەكانی زۆر لەوە زیاترن كە باس دەكرێن، لە هەموو گرنگتر بۆ ئەركی مێشك و هاوسەنگیی جەستە و باشتربوونی سەرنج و زۆری تر.
پسپۆران ئاماژە بەوە دەدەن كە خواردنەوەی ئاو بە رۆژانە، وادەكات مێشك بتوانێ بەباشی ئەركی خۆی جێبەجێ بكات و بتوانێ سەرنج باشتر بكات، خۆ ئەگەر ئاوی كەمتر بخورێتەوە، كەسەكە تووشی سەرئێشە و هەستكردن بە ماندوویی لەلا دروست دەبێت، بۆیە خواردنەوەی ئاوی پێستی رۆژانە، كاریگەریی زۆری لەسەر سەرئێشە بەشێوەیەكی گشتی دەبێت و كەمتری دەكاتەوە.
هاوكات لەبارەی سوودەكانی زیاتری ئاو زیاتر دەڵێن، خواردنەوەی ئاوی پێویست وا دەكات ئەركی هەرس باشتر بێت و ریخۆڵەكان باشتر بن كە دواتر لە قەبزی دوورتان دەخاتەوە، بۆیە بەشێوەیەكی گشتی خواردنەوەی ئاو وا دەكات رەگەزە خۆراكییەكان لەناو جەستە هەڵمژێت و تەواوی ئەندامەكانی باشتر ئەركی خۆیان جێبەجێ بكەن.
هەروەها خواردنەوەی ئاوی پێویستی رۆژانە، كاریگەریی لەسەر كێشیش هەیە، بەوەی بەر لە خواردنی ژەمەكان ئەگەر هەندێك ئاو بخۆنەوە، ئەوكات هەستی برسێتی لەلاتان كەمتر دەبێتەوە، بەوەیش بە كەمترین خواردن تێر دەبن، دواتریش سوودی بۆ كێش دەبێت و لە قەڵەوی دەتانپارێزێت. هاوكات ئاو سوودی بۆ پێست و بەتایبەتی بۆ پێستی رووخسار دەبێت و لە وشكبوونەوە دەیپارێزێت، جیالەوەی رۆڵی بۆ رێكخستنی گەرمیی جەستە دەبێت.
لە زۆربەی توێژینەوە تەندروستییەكاندا دووپات لە خواردنەوەی ئاوی پێویستی رۆژانە كراوەتەوە و بەوە گەیشتوون، پارێزگاری لە تەواوی ئەندامەكانی جەستە دەكات، بەتایبەتی ئەو كاتانەی كەشوهەوا بەرەو گەرمی دەچێت، یان ئەوكاتەی جەستە بەهۆی كاركردنەوە ماندوو دەبێت و زیاتر پێویستیی بە ئاو دەبێت.