بەو هۆیەی كێشەی ماسولكەی دڵ بە هەنگاو دەردەكەوێت، بۆیە رەنگە نیشانەكانی فەرامۆش بكرێ و بە گرنگ وەرنەگیرێن یان هەستیان پێ نەكرێت، بەتایبەتی ئەگەر سووك و پچڕ پچڕ بن، بەڵام گرنگە كێشەكە لە قۆناغێكی سەرەتاییدا ئاشكرا بكرێ، بۆ پاراستنی دڵ و رێگرتن لە پەرەسەندنی حاڵەتەكە.
د. شەریف حوسێن راوێژكاری نەخۆشییەكانی دڵ و لوولەكانی خوێن دەڵێت، كاتێك ماسولكەی دڵ تووشی كێشە دەبێتەوە مرۆڤ چەند نیشانەیەكی لەسەر بەدیار دەكەوێت، لەوانە لاوازیی پاڵنانی خوێن و سستی سووڕی خوێن، توندیی نیشانەكان لە كەسێك بۆ یەكێكی تر و بەپێی پلەی توندیی كێشەكە دەگۆڕێت، بەڵام بە گشتی بریتین لە:
ماندووبوونی بەردەوام و هەستكردنی خێرا بە شەكەتی بە كەمترین ئەرك، هەناسەتنگی، بەتایبەتی لە كاتی جووڵە و خۆماندووكردن، ئاوسانی پاژنە و قاچ بەهۆی كۆبوونەوەی ئاو تیایان و لاوازیی سووڕی خوێن، ئاوسانی سك و دەمارەكانی مل بەهۆی كۆبوونەوەی شلە و كاریگەری بە لاوازی توانای دڵ، سەرسووڕان بەهۆی كەمگەیشتنی خوێن بۆ مێشك، شێوانی لێدانی دڵ، خێرابوون و ناڕێكیی لێدانی، لەهۆشخۆچوون لە كاتی وەرزش و خۆماندووكردن، ئازاری سینگ، لە دوای خواردنی زۆر و خۆماندووكردن.
ئەو پزیشكە ئاماژە دەكات كە ئەگەر نیشانەكان بەرەو زیادبوون و دووبارەبوونەوە چوون، پێویستە سەردانی پزیشكی شارەزا و نەخۆشخانە بكرێت، بەتایبەتی هەناسەتەنگی و ئاوسانی قاچ و ئازاری سینگ، چونكە پشتگوێخستنی نیشانەكان مەترسیدارە و كار لە توانای دڵ و سییەكان بۆ بەجێگەیاندنی ئەركەكانیان دەكات.