حكوومەتی هەرێم پلانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی هانتا كارا دەكات

:: PM:12:25:11/05/2026 ‌
سەرەڕای ئەوەی تا ئێستە هیچ حاڵەتێكی تووشبوون لە عێراق و هەرێمی كوردستان تۆمار نەكراوە، بەڵام وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێم پلانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی هانتا كارا دەكات.

د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە"وشە"ی ڕای گەیاند: وەك وەزارەت ئامادەكاریی تەواومان كردووە و لە سەرەتادا هەڵمەتێكی چڕی رێنوێنی دەگرینەبەر، دواتر هەموو ئەو كارە زانستییانەی لە دنیا دەكرێت، ئەنجامیان دەدەین تا رێگریی لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە بكەین.

گوتیشی، ئێستە زنجیرەیەك ڕێكاری خۆپارێزیی بۆ ڕێگریكردن لە گەیشتنی "هانتا ڤایرۆس" دەست پێ كراوە.

بەپێی گوتەی پسپۆران ڤایرۆسەكە نوێ نییە و مرۆڤایەتی ئەزموونی لەگەڵیدا هەیە و بڵاوبوونەوەی لەناو مرۆڤیشدا كەمە، بەڵام خۆپارێزی و گرتنەبەری رێكار پێویستە.

ئەم ڤایرۆسە كە لە ڕێگەی جرج و مشك بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، دەبێتە هۆی هەوكردنی توندی كۆئەندامی هەناسە و گورچیلەكان.

لە عێراق و كوردستانیشدا تا ئێستە ڤایرۆسەكە تۆمار نەكراوە، بەڵام وەزارەتی تەندروستی عێراق دەڵێت، بودجەیەك بۆ خۆپارێزی دابین دەكەن و هەوڵ دەدەن رێگریی لە بڵاوبوونەوەی بكەن.



وشە - سۆران عەزیز