پسپۆڕێكی ژەهرزانی هۆشداری لە مەترسییەكانی "هانتا ڤایرۆس" دەدات و رای دەگەیەنێت، ئەو ڤایرۆسە بكوژە بێدەنگەكەی سییەكانە.
د. دڵشاد محەمەد مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕی بواری ژەهرزانی، لە نوێترین توێژینەوە و ئەزموونی زانستیدا لەسەر ئاژەڵە قرتێنەرە كێوییەكان، زانیاریی نوێ لەسەر مەترسییەكانی "هانتا ڤایرۆس" دەخاتە ڕوو و رای دەگەیەنێت، زیانی گەورەی بۆ سییەكان و گورچیلە هەیە.
ئەو پسپۆڕی بۆ "وشە" گوتی، هانتا ڤایرۆس ڤایرۆسێكی مەترسیدارە كە زۆربەی جار لە ڕێگەی مشك و جرجی كێوی و ئاژەڵە قرتێنەرە كێوییەكانەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و گواستنەوەكە لە ڕێگەی بەركەوتن لەگەڵ پاشماوە، لیك و میزی ئەم ئاژەڵانە ڕوودەدات.
روونیشی كردەوە، ڤایرۆسەكە ڕاستەوخۆ كار دەكاتە سەر ئەندامە سەرەكییەكانی جەستە و دەبێتە هۆی تێكچوونی سییەكان و لاوازبوونی گورچیلە و كێشەی دڵ و جگەر.
د. دڵشاد محەمەد بەراوردێكی زانستی لە نێوان ئەم ڤایرۆسە و كۆرۆنا (COVID-19) ئەنجام داوە و ئاماژە بەوە دەكات كە هەرچەندە هەردووكیان ڤایرۆسن، بەڵام جیاوازی گەورەیان هەیە، كۆرۆنا لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ بە خێرایی بڵاودەبێتەوە، بەڵام هانتا زیاتر لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە و گواستنەوەی لە نێوان مرۆڤەكاندا زۆر دەگمەنە.
لە كۆتایی ڕاپۆرتە زانستییەكەیدا، دووپات لەوە دەكاتەوە كە باشترین ڕێگای پاراستن دووركەوتنەوەیە لە پاشماوەی ئاژەڵە قرتێنەرە كێوییەكان.
هاوكات هۆشداریش دەداتە هاووڵاتییان كە لە كاتی كاركردن یان مانەوە لەو شوێنانەی گومانی بوونی ئەم ئاژەڵانەیان لێ دەكرێت، ڕێكارە تەندروستییەكان بگرنەبەر بۆ ئەوەی لە ژەهر و مەترسییەكانی ئەم ڤایرۆسە پارێزراو بن.