یەكێك لە كێشە بەربڵاوە تەندروستییەكانی ئەو سەردەمە قۆڵۆن و كێشەكانی كۆئەندامی هەرس و گەدەیە، هاوكات لەو خواردنەوانەی رۆژانە چەند جارێك دەخورێنەوە، چا و قاوەن، كە بە كافایین دەوڵەمەندن، سوودی بۆ تەندروستی هەیە، لەوانە بۆ هۆشیاری و دژەماندووبوونە، بەڵام كاریگەری تەنیا لەسەر مێشك نییە و كار لە گەدە و قۆڵون و كۆئەندامی هەرس دەكات.
یەكێك لە كێشەكان زیادەڕۆییە لە خواردنەوەی چا و قاوە، كە لە سوودبەخشییەكەی دەكاتە زیانبەخش، كافایین تەنیا لە چا و قاوەدا نییە، لە خواردنەوە گازییەكان و كاكاو و شوكولاتە و خواردنەوە وزبەخشەكانیش هەیە، كاردانەوەی كۆئەندامی هەرس بەپێی خەستی و رێژەی كافایینەكە و سروشتی لەش دەبێت، بەڵام راستەوخۆ كار لە گەدە و قۆڵۆن دەكات، لە رووی هاندانی بۆ جووڵە و دەردانی ئاوگەكانی هەرسكردن.
خواردنەوەی قاوە یان چا بەیانیان بەهۆی هاندانیان بۆ دەردانی هۆرمۆنی گاسترین، كە گەدە دەری دەدات، دەبێتە هۆی زیادبوون و خێرابوونی جووڵەی گەدە و قۆڵۆن، بۆیە زۆر خواردنەوەی چا و قاوە لە هەندێك كەس سكچوون و شلبوونی پاشەڕۆ دروست دەكات، بەتایبەتی لەوانەی هەستیاریی كۆئەندامی هەرس یان كێشەی ریخۆڵەیان هەیە، بۆیە ئەگەر مرۆڤ تووشی بوو، دەتوانێت كەمی بكاتەوە، جیا لەوە كافایین دەبێتە هۆی زیادبوونی ترشانی گەدە و سووتانەوەی.