نەخۆشانی شەكرە وریای ژەمی ئێواران بن

:: PM:06:56:18/05/2026 ‌

یەكێك لە خاڵە گرنگەكانی پێویستە مرۆڤی ئاسایی و ئەوانەشی نەخۆشی شەكرەیان هەیە وریای بن، كاتی خواردن و جۆری ژەمی ئێوارانە، كە رۆڵی لە كۆنترۆڵكردنی رێژەی شەكر لە خوێن هەیە، خواردنی ئەو ژەمە لە درەنگانی شەو دەبێتە هەڵكشانی زۆری رێژەی شەكر و دابەزینیشی، بەتایبەتی لە كاتی خەودا، جیا لەوە شەوان لەشی مرۆڤ چالاكی كەمترە، ئەوەش پرۆسەی هەرسكردن  خاو دەكاتەوە و كار لە دەردان و كاری ئەنسۆلین دەكات.

پزیشكان رێنوێنی دەدەن بە خواردنی ژەمی ئێواران لە دوو بۆ سێ سەعات بەر لە نوستن، ئەوەش بۆ بواردان بە لەش بۆ هەرسكردنی خۆراكەكە و چارەسەركردنی باشتری گلوكۆزی هاتوو لە رێگەی خۆراكەوە، كە درەنگ خواردنی ئەو ژەمە تەنیا كار لە ئاستی شەكرەی خوێن ناكات و كار لە كۆئەندامی هەرس و كوالێتی خەویش دەكات، بەدهەرسی و گەڕانەوەی ترشەلۆكی گەدە بۆ سوورێنچك و گەروو دروست دەكات، بەتایبەتی بەهۆی پاڵكەوتنی راستەوخۆی دوای خواردنی ژەمەكە. 

خواردنی ژەمێكی قورسی ئێوارە و لە كاتێكی درەنگدا، شێوانی خەو دروست دەكات، ئەوەش بە نەرێنی كار لە هەستیاری لەش بۆ ئەنسۆلین دەكات، دەبێتە هۆی كۆنترۆڵنەكردنی شەكر لە رۆژی دواتر، هەروەها كار لە كۆنترۆڵكردنی كێشی لەشیش دەكات، كە ئەوەش بۆ نەخۆشانی شەكرە گرنگە، بۆیە پێویستە خواردنی ئێوارە دوا نەخرێت بۆ سووتاندنی باشتری كالۆریی خۆراك لە بری ئەمباركردنی وەك چەوری لە لەش، بەتایبەتی لەگەڵ كەمجووڵانەوە، كە دەبێتە هۆی قەڵەوی و زیادبوونی بەرگری بۆ ئەنسۆلین.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل