لیمۆ وەك میوەیەك بەوە دەناسرێ كە زۆرترین سوود بە جەستە دەگەیەنێت بەتایبەتی بە ڤیتامینی "سی" زۆر دەوڵەمەندە. لەگەڵ سوودە زۆرەكانی كە زۆری لەبارەوە گوتراوە، پسپۆرێكی بواری خۆراك دووپاتی دەكاتەوە، باشترین سوودی لیمۆ ئەوەیە كە بەرگریی جەستە زۆر بەهێز دەكات.
پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ سێشەم 19ی ئایار، زانیارییەكانی دكتۆر داریا رۆساكۆڤای پسپۆری بواری خۆراك لەبارەی لیمۆوە بڵاو كردووەتەوە كە دووپات دەكاتەوە، لەبارەی سوودەكانی میوەی لیمۆ زۆر گوتراوە بەوەی زۆرترین ڤیتامینی "سی" لەخۆ دەگرێت و مرۆڤ لە زۆر نەخۆشی دوور دەخاتەوە، بەڵام لە هەموو گرنگتر سوودی زۆری بۆ بەرگریی جەستە هەیە.
ئەو پسپۆرە زیاتر دەڵێت، لیمۆ وەك خۆراكێك لە سیستمی خۆراكیدا بایەخی زۆری پێ دەدرێت بەتایبەتی لە وەرزی سەرما و بڵاوبوونەوەی ئەنفلەوەنزا، چونكە لیمۆ باشترین میوە و خۆراكە كە بەرگریی جەستە زۆر بەهێز دەكات، بەتایبەتی بەهۆی زۆریی ڤیتامینی "سی" تێیدا و مادە بایۆلۆجییەكان، ئەوانەیش وا دەكەن كە سوودە زۆر گرنگەكەی لیمۆ بۆ مرۆڤ، بەهێزیی بەرگریی جەستە بێت بەرانبەر بە زۆربەی نەخۆشییەكان.
ئەو پسپۆرە ئەوەشی دەڵێت كە لیمۆ بە دژە هەوكردن ناسراوە و یارمەتیی ئەركی هەرس دەدات و مادەی ئاسن بەتایبەتی لە رووەكەكان هەڵدەمژێت، جیا لەوەی سوودی زۆری بۆ پێست و پرچ هەیە كە ئەویش بەهۆی ڤیتامینی"سی"یە تێیدا. هەروەها توێكڵی لیمۆ بە دژەئۆكسید دەوڵەمەندە، لەگەڵیدا سوودی زۆری بۆ چارەسەری شێرپەنجە سەرەتاییەكان هەیە.
پسپۆرەكە باس لە سوودێكی تریش لیمۆ دەكات كە بۆ جوانكاری بەكار دێت، چونكە لیمۆ كۆلاجین بەرهەم دێنێت و بۆ پێستی رووخسار زۆر سوودبەخشە، بۆیە زۆر گرنگە رۆژانە چەند پارچەیەك لیمۆ بخۆن و هەوڵیش بدەن لەگەڵ ئاو تێكەڵی بكەن، هەروەها ئەو كەسانە بەكار نەهێنن كە هەستەوەرییان پێی هەیە یان نەخۆشیی هەرس و گورچیلە و زراویان هەیە.
بەشێوەیەكی گشتی جیا لە سوودە زۆرەكانی لیمۆ، لەوەیش زیاتر بۆ بەرگریی جەستە زۆرباشە و بەهێزتری دەكات.