ئەو هۆكارانە چین كە وا دەكەن منداڵ لە كاتی خەوتندا بە ئاگا دێتەوە و دەگری؟

:: AM:11:10:23/05/2026 ‌
كاتێك منداڵ لە شەودا چەند جارێك بە ئاگا دێتەوە و دەگری، كێشە بۆ دایك و باوك دروست دەكات، بەتایبەتی لە تەمەنی چەند مانگی سەرەتایدا،د. پسپۆرانی بواری منداڵ دووپاتی دەكەنەوە كە حاڵەتەكە زۆر سروشتییە و مەرج نییە هۆكارەكەی برسێتیی منداڵەكە بێت، بەڵكو خوویەكە پێوەندیی بە گەشەكردنی بایۆلۆجی هەیە.

پێگەی "ئەهرام"ی میسری كە هەواڵەكەی لە گۆڤاری تەندروستیی  Primary Care  وەرگرتووە كە پسپۆرانی بواری منداڵان قسەیان بۆ كردووە، ئاماژە بەوە دەدەن كە منداڵ لە كاتی دایكبوونیەوە تا دەگاتە زیاتر لە دوو ساڵ، گەشەی بایۆلۆجی لە جەستە و مێشكیان دروست دەبێت، بۆیە دەبینرێت شەوانە لە كاتی خەوتندا چەند جارێك بە ئاگا دێتەوە، گرنگ دەبێ بزانرێ هۆكارەكەی چییە تا چارەسەر بكرێت، چونكە مەرج نییە ئەو بەئاگاهێناوەیە هۆكارەكەی برسێتیی منداڵەكە بێت.

باس لەوە دەكەن كە لە سەرەتای لەدایكبوونی منداڵ و تا چەند مانگێك، منداڵ كاتژمێری بایۆلۆجیی نییە و نازانێ بەراورد بكات لە نێوان رۆژ و شەو، هاوكات چونگە گەدەی زۆر بچووكە، بۆیە ئاساییە كە لە شەودا چەند جار بە ئاگا بێتەوە بۆ خواردنەوەی شیر، بۆیە ئەویش ئاساییە و پێوەندیی بە تەندروستیی منداڵەكەوە نییە. كاتێكیش منداڵەكە گەورەتر دەبێت، جەستەیشی گەشە دەكات و ددانی دەردەچێت، ئەوكات تووشی ئازار و تا دەبێت و هەرچەند لە خەوی قووڵدا بێت، بە ئاگا دێتەوە و دەگری.

هاوكات پسپۆران ئاماژە بەوە دەدەن كە لە تەمەنی شەش مانگییەوە منداڵ زیاتر هەست بە دەوروبەرەكەی دەكات و كاتێك لە شەودا بە ئاگا دێتەوە، هەست بكات دایكی یان باوكی لە تەنیشتی نین، ئەوكات هەست بە ترس دەكات و تووشی دڵەڕاوكێ دەبێت، بۆیە دەگری و داوای دایك و باوكی دەكات تا هەست بكات لە ئارامیدایە. جیا لەوەی كەشی ناو ژوورەكەی بەهەمانشێوە هۆكارە بۆ بە ئاگاهاتنەوەی منداڵ لە شەودا، بۆ نموونە كەشەكەی گەرما یان سەرما بێت، یاخۆ تیشكی چرا یان دەنگی بەرز، وا دەكات زوو زوو بە ئاگا ببێتەوە و بگری.

دواتریش پسپۆران ئامۆژگاریی دایكان و باوكان دەكەن كە بۆ ئەو حاڵەتانە ئەو رێگایانە بەكار بێنن:
 باشترە منداڵ بەرلە خەوتنی گەرماوێكی پێ بكرێت، یان چیرۆكی بۆ خوێنرێتەوە، هاوكات تیشكی ژوورەكە بۆ كاتی خەوتن زۆر كەم بێت. هەروەها هێمنیی ژوورەكە لە كاتی شیردان بە منداڵ زۆر گرنگە، ئەویش پەیامێكە بۆ منداڵەكە كە كاتی خەوتنە و كاتی یاریكردن نییە.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د