لە كاتێكدا بە فراوانی هەواڵ لەبارەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئیبۆلا لە كۆنگۆ دەكرێ و بەهۆیەوە ئەگەر هەیە وڵاتانی تریش بگرێتەوە، رێكخراوی تەندروستیی جیهانی رای گەیاند كە لە رۆژهەڵاتی كۆنگۆی دیموكراتی كاتێك پشكنین بۆ ئەو پەتایە كراوە، بەلای كەمەوە 900 كەس ئەگەری تووشبوونیان بەو ڤایرۆسە هەیە.
پێگەی
"عەرەبیە" ئەمڕۆ دووشەم 25ی ئایار بڵاوی كردووەتەوە، دەسەڵاتی تەندروستیی رۆژهەڵاتی كۆنگۆی دیموكراتی، بە چڕی دەستی بە پشكنینەكان لەبارەی ڤایرۆسی ئیبۆلا كردووە، بەتایبەتی لە بازگەی پشكنینی مۆدجیبالا لە نزیكی بۆنیا، بۆ ئەوەیش سەرنجی زۆر لەسەر ئەوانە هەیە كە لە شاری مۆنگبوالو هاتوچۆ دەكەن، چونكە ئەو شارە بە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە هەژمار دەكرێت. لەوبارەیەوە رێكخراوی تەندروستیی جیهانی كە چاودێریی دۆخەكە دەكات، دووپاتی كردووەتەوە كە بەلای كەمەوە 900 كەس ئەگەری تووشبوونیان بەو ڤایرۆسە هەیە.
لەبارەی ڤایرۆسەكەوە ئەدهانۆم گیبریسوس بەڕێوەبەری گشتیی رێكخراوەكە دوێنێ یەكشەم دووپاتی كردووەتەوە، تا ئێستە بەلای كەمەوە 900 كەس لەو وڵاتە لە پشكنیندا گومانی تووشبوون بە ئیبۆلایان لێ دەكرێت، هاوكات لەناویاندا 101 كەس بە تەواوی تووشی ڤایرۆسەكە بوون. بێ ئەوەی باس لە مردنەكان بەهەمان پەتا بكات.
ئیبۆلا نەخۆشییەكی ڤایرۆسیی مەترسیدارە و كەسی تووشبوو تووشی خوێنبەربوون دەبێت و بەشێك لە ئەندامانی جەستەی لە كار دەكەون. بڵاوبوونەوەی لە كۆنگۆی دیموكرات بۆ 15ی ئەم مانگە دەگەڕێتەوە و خەڵكێكی زۆر تووشی بوون، هاوكات گومان هەیە ئەگەر كۆنترۆڵ نەكرێت، بۆ وڵاتانی تریش بگوازرێتەوە.