یەكێك لەو ئامرازانەی پاككردنەوەی دەست و دەموچاو و تەنانەت لە چێشتخانە بۆ شۆردنی قاپ و كەلوپەلی خواردن دێتە بەكارهێنان، سابوونی شلە، بەتایبەتی بۆ ژنان، رەنگە ئەو پرسیارە بكرێت بەكارهێنانی ئەو جۆرە سابوونە تا چەند زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت و پێویستە چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت؟
د. محەمەد حوسێن بەسیونی راوێژكاری نەشتەرگەریی گشتیی و گرێ و ناوبین ئاماژە دەكات كە هیچ توێژینەوەیەك نییە بیسەلمێنێت كە سابوونی شل مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە زیاد دەكات، چونكە هیچ بەڵگەیەك نییە بەوەی ئەو مادە كیمیاییانەی لە دروستكردنی بەكار دەهێنرێن، دەتوانن لە رێگەی كونەكانی پێستەوە دزە بكەنە ناو لەش و گرێ دروست بكەن.
وەك ئەو پزیشكە دەڵێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناكرێت ئەو زیانانە پشتگوێ بخرێن كە رەنگە ئەو جۆرە سابوونە بۆ پێست دروستی بكەن، بەتایبەتی ئەگەر لە جۆری خراپ و بێ كوالێتی بن یان بە هەڵە و بە كەمتەرخەمی بەكار بهێنرێن، بە گشتی چەند حاڵەتێك هەن كە تیایدا ئەو جۆرە سابوونە بۆ مرۆڤ زیانبەخشە.
لەوانە قووتدانی بەهەڵە بەتایبەتی لە لایەن منداڵ، كە هەوكردنی گەدە و ورووژانی و كێشەی میكرۆبەكانی ریخۆڵە دروست دەكات، بەكارهێنانی سابوونی خراپ و بێ كوالێتی كە مادەی پارێزەر و كیمیایی ژەهراویان تیادایە، خراپ هەڵگرتن وەك لە پلەی بەرزی گەرمی و تێكچوونی بەو هۆیەوە، یان بەسەرچوونی و كارلێككردنی پێكهاتەكانی و زیانگەیاندنی بە پێست و كۆئەندامی هەناسە لەكاتی هەڵمژینی.