كێن ئەوانەی نابێت زۆر گۆشتی سوور بخۆن؟

:: PM:08:56:26/05/2026 ‌

سبەی یەكەم رۆژی جەژنی قوربانە و خەڵك زۆر روو لە خواردنی گۆشت دەكات، بەتایبەتی كە قوربانییەكی زۆر دەكرێت، بۆیە خوانەكان بە گۆشت، بەتایبەتی گۆشتی سوور دەڕازێندرێنەوە، بەڵام هەندێك زیاتر لە خەڵكی تر پێویستە وریا بن و زۆر لەو جۆرە گۆشتە نەخۆن.

گۆشت و گۆشتی سوور، جیا لە چێژەكەی، بەهایەكی گەورەی خۆراكی هەیە، بەڵام شارەزایانی تەندروستی وریایی لە زیادەرۆییكردن لە خواردنی دەدەن، بەتایبەتی كێشە بۆ كۆئەندامی هەرس و دڵ دروست دەكات، بەتایبەتی ئەوانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە، بەو هۆیەوە تووشی مەترسی زیاتر دەبنەوە، شێوانی هەرس و رێژەی كۆلیسترۆلی زیانبەخشیان زیاتر دەكات.

د. عەبدولرەئووف مالیك راوێژكاری نەخۆشییەكانی دڵ ئاماژە دەكات كە زۆرخواردنی گۆشتی سوور تووشبوون بە دڵەنۆرە زیاتر دەكات، كە بە كۆلیسترۆل و چەوری و پرۆتین دەوڵەمەندە و ئەگەر زۆر بخورێت، مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ زیاتر دەكات.

بەپێی توێژینەوەكان زۆرخواردنی گۆشتی سوور دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و لوولەكانی خوێن، جیا لە ئەگەری تووشبوون بە جۆری دووەمی نەخۆشی شەكرە و زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە، بەتایبەتی شێرپەنجەی قۆلۆن و رێكە، بەتایبەتی ئەگەر لە هەفتەیەك زیاتر لە نیو كیلۆ بخورێت، بۆیە ئەوانەی تۆماری خێزانی تووشبوونیان بە نەخۆشییەكانی دڵ یان بەرزی پەستانی خوێن و كۆلیسترۆل و نەخۆشی شەكرەیان هەیە یان لێوەی نزیكن، یان كێشەی گورچیلە یان دەردەشاهانەیان هەیە، پێویستە زیاتر وریا بن.        



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل