پارێزگاری لە تەندروستیی مێشك تەنیا پێوەست بە جۆری خواردن نابێت، لەوەیش زیاتر كاتی ژەمەكان گرنگترە، بەتایبەتی كاتی ژەمی ئێوارە، بۆیە پسپۆرانی بواری خۆراك رێنوێنی دەكەن كە هەرچی پێتان دەكرێ بۆ خواردنی ژەمی ئێوارە، كاتەكەی دوا مەخەن و خواردنی درەنگوەخت، مێشك ماندوو دەكات و خەوتنیش ئاڵۆز دەكات و دواتر ئەمە بۆ تەندروستیی گشتی زۆر خراپ دەشكێتەوە.
بەشی زانست و تەندروستیی پێگەی
"شەرق ئەوسەت"، هەواڵەكەی لە پێگەی "هێڵس"ی زانستی وەرگرتووە و بە وردی باس لە كاتی ژەمی ئاواران دەكات، بۆ ئەوەیش پسپۆرانی بواری خۆراك زانیارییەكانیان بۆ پێگەكە خستووەتەڕوو. لەوێدا باس لە كاتی ژەمی ئێوارە دەكەن و دووپاتی دەكەنەوە، بەلای كەمەوە بەرلە دوو تا سێ سەعات بەرلە خەوتن، ئەوكات خواردنی ژەمی ئێوارە بخورێت، ئەوەیش باشترین كاتە بۆ تەندروستییەكی زۆرباش و بەتایبەتی بۆ تەندروستیی مێشك.
ئەو كاتەی پسپۆران بۆ ژەمی ئێوارە دەستنیشانیان كردووە، پێچەوانەی ئەو كاتەیە كە زۆرن ئەوانەی تا نیوەشەو بە ئاگا دەبن و زۆر درەنگتر خواردنی ئێوارە دەخۆن، بۆیە بۆ ئەوانەی تا نیوەشو بە ئاگان، باشترە كاتی ژەمی ئێوارەیان بگاتە هەشت تا نۆی دوای ئێرە، ئەویش بۆ ئەوەی خواردنەكە بەرلە خەوتنیان بە ئاسان هەرس بكرێت. ئەوەیش تەنیا سوودەكەی بۆ مێشك و ئەركەكانی نییە، بەڵكو سوودی زۆری بۆ دڵ و جۆری خەوتنیش دەبێت.
پسپۆران باس لەوە دەكەن كە خواردنی ژەمی ئێوارە كاتێك درەنگ دەبێت، كاریگەریی لەسەر كاتژمێری بایۆلۆجی دەبێت و هاوكات جۆری خەوتنیش ئاڵۆز دەكات، دواتریش بۆ سەر یادەوەری و سەرنج بە نەرێنی دەشكێتەوە، بۆیە دەبینرێ ئەوانەی شەوانە حەوت یان زیاتر دەخەون، توانای یادەوەری و سەرنجیان زۆرباشتر دەبێت لەوانەی كەمتر دەخەون. بۆیە خەوتنی باش یارمەتیی مێشك دەدات بۆ فڕێدانی پرۆتینی خراپ كە پێوەستە نەخۆشییەكانی وەك خڵەفان و زەهایمەر.
هاوكات ئاماژە بەوەش دەدەن كە زوو خواردنی ژەمی ئێوارە، یارمەتیی جەستە دەدات بۆ هاوسەنگیی شەكر لە درێژایی شەودا، ئەوەیش نەخۆشیی شەكرە دوور دەخاتەوە. بەرزبوونەوەی رێژەی شەكر لە خوێندا، كاریگەریی لەسەر تێكچوونی وردە دەمارەكانی مێشك دەبێت، ئەوەیش بەهەمانشێوە لەسەر یادەوەری و فێربوون كاریگەر دەبێت و ئەگەری هەیە كەسەكە تووشی جەڵتەی مێشك بكات.
دواتریش پسپۆرانی بواری خۆراك دووپاتی دەكەنەوە، رێكخستنی كاتی ژەمەكان زۆر گرنگە و پێوەیستە بە كاتژمێری بایۆلۆجی و ئەویش بۆ تەندروستیی دڵ زۆر كاریگەر دەبێت، هەوكردن كەم دەكاتەوە و رێگە نادات پاڵەپەستۆی خوێن بەرز ببێتەوە. هەموو ئەوانەیش بۆ تەندروستیی دڵ و مێشك زۆر گرنگن.