پسپۆرانی بواری خۆراك لەبارەی سوودەكانی "توور" بۆ تەندروستیی مرۆڤ وەك سەوزەیەك، ئاماژە دەدەن كە بۆ بەرگریی جەستە و هەرس و پارێزگاری لە دڵ و پاككەرەوەی جگەر و زۆری تر زۆر سوودبەخشە، بۆیە گرنگە بایەخ بە خواردنی بدرێت و فەرامۆش نەكرێت.
پێگەی
"شەفەق نیوز" لەبارەی سوودەكانی توور بۆ تەندروستی، زانیارییەكانی لە پسپۆرانی بواری خۆراك وەرگرتووە، لێرەدا ئاماژە دەدەن كە سوودەكانی زۆرن، لەناویاندا زۆرترین سوودی بۆ بەهێزیی بەرگریی جەستە هەیە، لە 100 گرامی توور، 15 ملیگرام ڤیتامین "سی" لەخۆ دەگرێت و لەگەڵیدا كۆلاجین بەرهەم دێنێت، ئەوەیش بۆ بەهێزبوونی بەرگریی جەستە زۆر سوودبەخشە، بەتایبەتی ئەگەر توورەكە نوێ بێت.
هەروەها دەڵێن توور چونكە بە ریشاڵی خۆراكی دەوڵەمەندە، ئەوەیش كاریگەریی هەیە بۆ نەهێشتنی قەبزی و باشتربوونی ئەركی ریخۆڵەكان، جیا لەوەی بەكتریای سوودبەخش بەرهەم دێنێت. هاوكات چونكە توور بە پۆتاسیۆم دەوڵەمەندە، بۆیە پاڵەپەستۆی خوێن هاوسەنگ دەكات. هەروەها سۆدیۆمی زیانبەخش كەم دەكاتەوە. پارێزگاری لە هاوسەنگكردنی شلەمەنیی لە جەستەدا دەكات.
ئەوەیش دەڵێن كە لە تووردا مادەی ئەسۆسیانین و ئیزۆسیۆسیانات هەیە، ئەوانە ئەو مادانەن پارێزگاری لە شانەكان مرۆڤ لە قۆناغی پیری دوورتر دەخەنەوە و هەروەها هەوكردنیش كەمتر دەكەنەوە. زەیتی خەردەلی كە لە تووردا هەیە، سوودی هەیە بۆ جگەر و زراو و جەستە لە مادە ژەهراوییەكان دەپارێزێت.
دواتریش پسپۆرانی بواری خۆراك لەبارەی توورەوە زیاتر دەڵێن، بە ترشەڵۆكی فۆلیك "ڤیتامین بی9" دەوڵەمەندە، ئەوەیش بۆ خوێن و دابەشبوونی شانەكان زۆر سوودبەخشە، بەتایبەتی بۆ ئافرەتی دووگیان و تەنانەت بۆ كۆرپەڵەیش بە سوودە كە تەندروستیی دڵ و بەرگریی جەستەیان بەهێزتر دەكات.