هۆشداریی لە لێدانی هەتاو "هاوشێوەی تیفۆ" دەدرێ.. لەمەودوا خۆتان لە تینی هەتاو بپارێزن

:: AM:09:43:01/06/2026 ‌
دەستەی گشتیی كەشناسیی میسر داوا لە هاووڵاتییانی میسر و ئەو وڵاتانەی پلەی گەرما تێیاندا بەرزتر بووەتەوە دەكات، لەم وەرزەدا كە لە ئێستەوە ئەگەری زۆرە پلەكانی گەرما زیاتر بەرز ببنەوە، هەرچی پێیان دەكرێ خۆیان لە تینی هەتاو دوور بكەنەوە كە زیان بە تەندروستییان دەگەیەنێت و ئەگەری زۆرە تووشی نەخۆشیی "لێدانی هەتاو- چربە الشمس" ببن كە هاوشێوەی "تیفۆ- گرانەتا"یە.

پێگەی "ئەهرام"ی میسری كە رێنوێنییەكانی دەستەی گشتیی كەشناسیی میسری بڵاو كردووەتەوە، تێیدا ئاماژە بەوە كراوە كە ئەگەری زۆرە لە چەند رۆژی داهاتوودا پلەكانی گەرما زۆر زیاتر بەرز ببنەوە و بگاتە پلەی سەرووی 40، بۆیە گرنگە هاووڵاتییان هەرچی پێیان دەكرێت خۆیان لە تینی هەتاو دوور بكەنەوە و لێدانی هەتاو بە راستەوخۆیی لە جەستە، مرۆڤ تووشی نەخۆشی دەكات كە پێی دەگوترێ "لێدانی هەتاو"، ئەو نەخۆشییە نزیكە لە "تیفۆ- گرانەتا".

ئەو دەستەیە زیاتر دووپات دەكاتە كە بەتایبەتی كاتەكانی نیوەڕۆ و دوای نیوەڕۆ، تینی گەرما زیاتر دەبێت و بۆ ئەوەیش جیالەوەی نابێ خۆتان بخەنەبەر هەتاو، هاوكات گرنگە ئاوی زیاتر بخۆنەوە و بایەخی زیاتر بە خواردنی شلەمەنی بدەن، بۆ ئەوەی قەرەبووی ئەو ئارەقكردنەوەیە بكەنەوە كە بەهۆی گەرماوە جەستە تووشی دەبێت.

ئەو دەستەیە لە رێنوێنییەكانی تریدا ئامۆژگاریی ئەو شوفێرانە دەكات كە لە كاتی كەشی گەرمادا لە رێگە بیابانییەكان و كراوەكان، زیاتر وریابن كە ئەگەری زۆرە بەهۆی رەشەباوە خۆڵبارین زیاتر بێت، ئەوەیش وا دەكات ئاستی بینین كەمتر ببێتەوە، جیالەوەی خۆڵبارین بۆ ئەوانەی كێشەی هەناسەیان هەیە یان نەخۆشیی "رەبۆ"یان هەیە، وریایی زیاتری دەوێت.

ئەو رێنوێنییانەی دەستەی گشتیی كەشناسیی میسر بڵاوی كردووەتەوە، دروستە زیاتر بۆ وڵاتەكەی خۆیەتی، بەڵام زۆر وڵاتی تریش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگرێتەوە، لەناویاندا عێراق و بەشێكی زۆری هەرێمی كوردستانیش، بەتایبەتی ناوچە گەرمەكانی وەك دەڤەری كەركووك و گەرمیان و دەستی هەولێر و مەخموور، كە لە وەرزی هاویندا پلەی گەرما لەو ناوچانە زۆرجار دەگاتە نزیكەی 50 پلە و سەرووتریش.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د