لە دوای ژەمێكی قورسی گۆشتی چەور.. چۆن پارێزگاری لە هەرس و گەدەتان دەكەن؟

:: PM:04:12:03/06/2026 ‌
گۆشتی سووری بە چەوری، بە یەكێك لە خواردنە قورسەكان هەژمار دەكرێت و بە خواردنی، مرۆڤ هەست بە تێربوون تا ئاستی داهێزرانی جەستە دەكات و لەگەڵیدا گەدەیش زیاتر ماندوو دەكات و كێشە بۆ هەرس دروست دەكات، بۆیە پزیشكێكی بواری خۆراك ئاماژە دەدات كە ئەو خۆراكە قورسە نابێ بە تەنیا بخورێت، پێویستە خواردنی تری لەگەڵ بخورێت كە ئاسانكاری بۆ ئەركی هەرس دەكەن.

دكتۆر سەمەر مەحموود عەباس كە پسپۆری بواری خۆراكە لە میسر، لەبارەی خواردنی گۆشتی سووری چەور، قسەی بۆ پێگەی "ئەهرام"ی میسری كردووە و بە قورسترین خواردن بۆ هەس و سەر گەدە هەژماری دەكات. دووپاتی دەكاتەوە كە بە خواردنی گۆشتی سووری چەور و بەتایبەتی ئەگەر زێدەڕۆیی لە خواردنی بكرێت، بەراورد بە خۆراكەكانی تر، ماوەیەكی زۆری دەوێ تا هەرس بكرێت، لەوكاتەیشدا جەستە بە داهێزران و سكئاوسان دەكات، بۆیە هەڵەیە ئەگەر گۆشتی سووری چەور بە تەنیا بخورێت، بەڵكو پێویستە لەگەڵ ئەو خۆراكانە بخورێت كە بۆ هەرسكردن سوودبەخشن.

ئەو پزیشكە زیاتر دەڵێت، زۆر گرنگە لەگەڵ خواردنی گۆشتی سووری چەور، خۆراكی هاوسەنگی لەگەڵ بخورێت، واتە خواردنێك بە ئاسانی بتوانێ بەرانبەر بە گۆشتەكە هاوسەنگ بێت و رۆڵی هەبێت بۆ ئاسانكردنی ئەركی هەرس. بۆ ئەوەیش دەڵێ لەگەڵ خواردنی گۆشتە چەورەكە، گرنگە خۆراكی سووك بخورێت كە رۆڵی بۆ هەرسكردن هەبێت، بۆ نموونە ئەو خۆراكانەی بە ریشاڵ دەوڵەمەندن، دوای خواردنەكەیش خواردنی میوە بە سوودە، هەموو ئەوانە وا دەكەن خۆراكەكان ئاسانتر هەرس بكرێن و گرانیی جەستە دوای خواردن كەمتر دەكرێتەوە.

پسپۆرەكەی بواری خۆراك دووپات لەوەیش دەكاتەوە كە لەگەڵ خواردنی گۆشتی سووری چەور، گرنگە ئاوی زیاتر بخورێتەوە، جا ئاوەكە لەگەڵ خواردنەكەدا بێت یان لە دوای خواردن، هاوكات لە كاتی خواردنی گۆشتەكە زەڵاتە و سەوزەی نوێی لەگەڵ بخورێت، ئەوەیش وا دەكات ئەركی هەرس زۆر ئاسانتر بێت و گەدەیش ماندوو نەكات و پارێزگاریش لە تەندروستیی ریخۆڵەكان دەكات.

دواتریش ئەو پزیشكە دەڵێت، هاوسەنگی لە خواردنی ژەمەكان بەتایبەتی گۆشتی سووری چەور، تەنیا بۆ چێژە خۆشەكەی نییە، بەڵكو هاوسەنگی لەگەڵ خۆراكی تر، هەنگاوێكی سەرەكییە بۆ دووركەوتنەوە لە كێشەكانی هەرس و گەدە، هەموو ئەو خۆراكانەی رۆڵ دەبینن بۆ هەرسكردن، زۆر ئاسان دەست دەكەون بەتایبەتی سەوزەواتەكان.
 


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د