بەر لە تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە، قۆناغێك هەیە بەناوی قۆناغی بەر لە تووشبوون، تیایدا ئاستی شەكرەی خوێن لە ئاستی سروشتی بەرزترە، بەڵام هێشتا بە شەكرە دانانرێت، رەنگە لەو قۆناغەدا نیشانەكان ون بن، بۆیە ئەوانەی تووشبوونیان دەستنیشان دەكرێت پێیان وایە كتوپڕ تووشی بوونە.
د. نانسی كەمال راوێژكاری نەخۆشییەكانی هەناو و كوێرە رژێنەكان و شەكرە ئاماژە دەكات، لە قۆناغی بەر لە تووشبوون بە شەكرە، ئاستی شەكی خوێن لە ئاستی سروشتی بەرزتر دەبێت، بەڵام بەو شێوەیە نا كە بتوانرێت وەك تووشبوون دەستنیشان بكرێت، لەشی مرۆڤ لەو قۆناغە تووشی بەرگریكردن بۆ ئەنسۆلین دەبێت، كە كێشەی سەرەكییە بۆ تووشبوون بە دووەم جۆری شەكرە.
دووپاتی كردەوە، زۆرینەی ئەوانەی لە قۆناغی پێش تووشبوونن، هەست بە هیچ نیشانەیەك ناكەن، هۆكاری ئەوەش ئەوەیە بەرزیی ئاستی شەكرە زۆر نییە بۆ ئەوەی نیشانەكانی شەكرە دروست بكات، وەك تێنوێتی و میزكردنی زۆر و لەدەستدانی كێش و ماندووبوونی بەردەوام، بۆیە زۆرێك كتوپڕ تووشبوونیان دەستنیشان دەكرێت.
بۆیە مەترسیداریی ئەو قۆناغە بریتییە لەوەی ئەو كەسە وا دەزانێت تەندروستی باشە، لەوكاتەی بەرگریی ئەنسۆلین لە لەشی لە زیادبوونە و هەر پشتگوێخستنێك دەبێتە هۆی تووشبوونی بە جۆری دووەمی شەكرە، بەڵام هەلێك هەیە بۆ رێگرتن لە تووشبوون بە شەكرە لەو قۆناغە ئەگەر كێشی دابەزێنێت و ورزش و چالاكیی جەستەیی زیاد بكات و خواردنی شیرینی و شەكر كەم بكاتەوە.