بۆچی كەسانێك دوای زۆر بەركەوتنی تیشكی خۆر هێڵنجیان دێتەوە؟

:: PM:08:57:07/06/2026 ‌

لە وەرزی هاوین پلەكانی گەرما زۆر بەرز دەبنەوە و تیشكی خۆی بەهێز دەبێت، ئەوەش كار لە هەموو مرۆڤەكان دەكات، بەڵام كەسانێك بەهۆی گەرما و دوای چەند خولەكێك لە بەركەوتنی راستەوخۆی تیشكی خۆر، تووشی سەرسووڕان و هیڵنج و داهێزران دەبن، پزیشكێك هۆكار و چارەسەری روون دەكاتەوە.

د. یوسری بەندی پزیشكی راوێژكاری نەخۆشییە پەتاییەكان ئاماژە دەكات، هێڵنجهاتنەوە و سەرسووڕان لە دوای ماوەیەكی كورت لە بەركەوتنی تیشكی خۆر، بەهۆی بێتوانایی لەش بۆ خۆگونجان لەگەڵ پلەی بەرزی گەرما دروست دەبێت، بەتایبەتی لە كەشوهەوا گەرم و شێدارەكان، لەشی مرۆڤ لەو حاڵەتە بەهۆی ئارەقەكردنەوە بڕێكی زۆر شلە و خوێیە كانزاییەكان لەدەست دەدات، بۆیە كاتێك وەك پێویست قەرەبوو ناكرێنەوە، وشكهەڵگەڕان دروست دەبێت و قەبارەی خوێن كەم دەكات.

روونی كردەوە، ئەوەش كار لە توانای گەیشتنی خوێن بۆ مێشك و ئەندامە گرنگەكانی لەش دەكات، بۆیە چەند نیشانەیەكی وەك سەرگێژخواردن و هێڵنج و سەرئێشە و شەكەتی دروست دەبێت، هەروەها بەرزیی پلەی گەرما دەبێتە هۆی فرانبوونی لوولەكانی خوێنی نزیك لە سەرووی پێست بۆ یارمەتیدان لە ساردكردنەوەی لەش و رزگاربوون لە گەرمی، ئەوەش هەندێك جار دەبێتە هۆی دابەزینی پەستانی خوێن، بەوەش گەیشتنی خوێن بۆ مێشك كەم دەبێتەوە و سەرسووڕان و تێكچوونی هاوسەنگی دروست دەكات، بەتایبەتی لە كەسانی بەتەمەن و ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە.

ئەو پزیشكە دووپاتی كردەوە كە بەركەوتنی گەرمییەكی زۆر گوشار لەسەر لەش دروست دەكات و ئەویش بۆ خۆساردكرنەوە خوێنێكی زۆر ئاراستەی لوولەكانی خوێنی نزیك لە سەرووی پێست دەكات، بەوەش كار لە توانای كۆئەندامی هەرس دەكات و هێڵنج و كێشەی گەدە دروست دەبێت، بۆیە بۆ خۆپاراستن پێویستە بڕی پێویست ئاو شلەمەنی بخورێتەوە و قەرەبووی خوێیە لەدەستچووەكە لە رێگەی خواردنەوە بكرێت و جلوبەرگی تەنك لەبەر بكرێت و مرۆڤ خۆی لە بەركەوتنی راستەوخۆی تیشكی خۆر بپارێزێت.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل