یەكێك لە كێشەكانی تووشی لوولەكانی خوێنی مرۆڤ دەبێتەوە داخرانی خوێنبەرەكانی قاچە، كە خوێن و ئۆكسجین و خۆراك بۆ قاچ و پێیەكان دەبەن، سەرەتا تەسك دەبنەوە و خوێنیان كەم بۆ دەگات، دوتر دۆخەكە زیاتر پەرە دەستێنێت و خراپتر دەبێت، بەڵام هۆكار و چارەسەری چییە؟
داخرانی
خوێنبەرەكانی قاچ و پێیەكان بەهۆی رەقبوونی دیواری لووكانی خوێنەوە دروست دەبێت، كاتێك چەوری لەسەر ناوپۆشی خوێنبەرەكان دەنیشێت و تەسك دەبنەوە، دیوارەكان رەق دەبن و جیڕییان لەدەست دەدەن، بۆیە ناتوانن فرەوان ببن بۆ گەیاندنی خوێنی پێویست، حاڵەتێكی بڵاوە، بەتایبەتی پیاوان لە تەمەنی سەرووی 50 ساڵ تووشی دەبن، بەڵام ژنانیش تووشی دەبنەوە.
كەسانێك زیاتر ئەگەری تووشبوونیان هەیە كە رێژەی كۆلیسترۆلی خوێنیان بەرزە، یان نەخۆشییەكانی دڵ و شەكرە و بەرزی پەستانی خوێن و گورچیلەیان هەیە یان جگەرەكێشن یان تووشی سەكتەی مێشك بوونە، لە نیشانەكانی، ئازاری قاچ و هەستكردن بە سووتانەوە و زەحمەتیی رۆیشتن و جووڵە، ساردبوونی پێیەكان و هەستكردن بە سڕبوون، گرژبوونی ماسولكەی قاچ، بەتایبەتی لە كاتی نوستن و سارێژنەبوونی برین.
سەبارەت بە چارەسەری، دەكرێ حاڵەتەكە لە رێگەی وێنەی تیشكیی لوولەكانی خوێنی قاچەكان یان پێوانەكردنی پەستانی خوێن لە باسك و قاچەكان و بەراوردكردنیان و پشكنینی دۆبلەری شەپۆلە دەنگییەكان بۆ پەلەكان دەستنیشان بكرێت، دەكرێ لە حاڵەتی توند نەشتەرگەری بۆ بكرێت، بۆ كردنەوەی لوولە داخراو و تەسكەكان، یان بە وەرگرتنی دەرمان، دەكرێ بەم هەنگاوانە رێگری لە دروستبوون و پەرەسەندنی حاڵەتەكە بكرێت، وەستان لە جگەرەكێشان و كۆنترۆڵكردنی كۆلیسترۆڵ لە رێگەی سیستمی خۆراك و وەرزشكردن و جووڵانەوە یان دەرمان، كۆنترۆڵكردنی بەرزی پەستانی خوێن و شەكرە و وەرزشكردن و كەمكردنەوەی كێشی لەش.