كاتێك لە ناكاودا كەش لە گەرمەوە بۆ سارد یان بەپێچەوانەوە دەگۆڕێت، ئەگەری زۆرە دۆخی تەندروستیی تێكبدات و مرۆڤ تووشی جۆرێك لە پەتا و ئەنفلەوەنزا بێت، ئێستەیش كە وەرزی بەهارمان تێپەڕاندووە و چووینەتە ناو وەرزی هاوین، تووشی هەمان حاڵەت دەبین كە ئەویش بەهۆی بەكارهێنانی ئامێرەكانی ساردكەرەوەیە، بۆیە پزیشكێك رێنوێنی بۆ چۆنێتیی بەكارهێنانی ئامێرەكانی ساركەرەوە لەم كەشەدا دەخاتەڕوو.
پێگەی "
شەفەق نیوز" ئەو رێنوێنییانەی بڵاو كردووەتەوە كە دكتۆر نادیجدا چێرنیشۆڤا لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان خستوونیەتیەڕوو، تایبەتن بە گۆڕانی كەش لە ساردەوە بۆ گەرم و بەدوایدا بەكارهێنانی ئامێرەكانی ساركەرەوە و كاریگەرییەكانی لەسەر تەندروستی. بۆ ئەوەیش ئەو پزیشكە هەندێك خاڵ باس دەكات كە زۆر گرنگە پێڕەو بكرێن تا ئامێرەكانی ساردكەرەوە لەبری سوودگەیاندن، نەبنە هۆی تووشبوون بە نەخۆشی.
لە یەكێك لە رێنوێنییەكانیدا ئەو پزیشكە باس لەوە دەكات كە خەڵكێكی زۆر كاتێك لە ناكاودا كەش گەرم دەبێت، هەوڵ دەدەن ئامێرەكانی ساردكەرەوە بە پلەی بەرز بەكار بێنن، ئەوەیش وا دەكات هەوایەكی زۆر سارد تووشی ئەنفلەوەنزایان بكات، بۆیە گرنگە دادانی پلەی ئامێرەكان لە ئاستێكدا بێت، 10 پلە لە سەرووی كەشی سروشتی دەرەوە بە ساردیدا بێت. هاوكات ئامۆژگاری ئەوەش ناكرێ كە پلەی 18 بۆ سپلیت دابنرێت بۆ خۆساردكردنەوە، چونكە زیانی زۆر بە تەندروستی دەگەیەنێت.
لە رێنوێنییەكی تریشدا ئاماژە بە ئاراستەی هەوای سارد دەكات كە نابێ راستەخۆ لە جەستە بدات، بۆ ئەوەیش پزیشكەكە دەڵێت، هەرچی دەكرێ لە كاتی خەوتندا راستەوخۆ لەبەر ئامێرەكانی ساردكەرەوە مەخەون، هەوای ساردی راستەوخۆ بەهەمانشێوە زیانی تەندروستیی بەدواوە دەبێت.
بۆ چۆنێتیی بەكارهێنانی ئامێرەكان باس لەوە دەكات، زۆر گرنگە كاتێك ئامێرەكان كار دەكەن، لە نێوان سێ تا چوار سەعاتدا، بۆ ماوەی 15 خولەك هەواگۆڕكێ لە ژوورەكەدا هەبێت و بۆ ئەوەیش دەتوانن پەنجەرەكان بكەنەوە، تا هەوای سروشتیی دەرەوە بەناو ژوورەكەدا بڵاو ببێتەوە، ئەوەیش واتای نوێكردنەوەی هەوایە.
دواتریش ئەو پزیشكە دەڵێت، كاتێك سپلیت لەناو ژوورەكەدا كار دەكات، بۆ ماوەی چەند رۆژێك ئەگەر هەیە مادەی پیس و تۆز و خۆڵ لە خۆ بگرێت، بۆیە پێویستە جارجارە فلتەرەكەی بهێنرێتە دەرەوە و خاوێن بكرێتەوە، ئەوەیش وا دەكات ئەو هەوایەی سپیلتەكە بڵاوی دەكاتەوە، پاكتر بێت و زیانی تەندروستی نەبەخشێت.