خواردنەوەی قاوە لەسەر گەدەی بەتاڵ مەترسیدارە

:: PM:07:37:11/06/2026 ‌

قاوە یەكێكە لەو خواردنەوانەی كە زۆر بڵاوە و لە وریاكەرەوەكانە، شارەزایانی تەندروستی باسی چەندان سوودی بۆ تەندروستی دەكەن، پزیشكێك ئاماژە دەكات كە خواردنەوەی قاوە لەسەر گەدەی بەتاڵ و بەردەوامبوون لەسەری، ئەگەری هەیە لە ماوەی مانگێك مرۆڤ تووشی هەوكردنی درێژخایەنی پەنكریاس بكات.

د. مارینا ستۆدینكینا پسپۆڕی نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەرس و ئاكاری خواردن دووپاتی كردەوە كە خواردنەوەی كوپێك قاوە لەسەر گەدەی بەتاڵ، لە ماوەی مانگێك مرۆڤ تووشی هەوكردنی پەنكریاس دەكات، مەترسیی تووشبوون بە هەوكردنی پەنكریاس لەسەر دۆخی سەرەتایی پەنكریاس و شێوازی ژیان و بڕی شەكر و كحولی وەری دەگریت دەوەستێت.

ئەو پزیشكە دەڵێت، خواردنەوەی كووپێك قاوە بەیانیان لەسەر گەدەی بەتاڵ، هانی روودانی چەند كارلێكێك لە لەش دەدات، لەوانە دەردانی زەرداو، بۆ ئەو كەسانەی كە خۆیان هەوكردنی زراو یان بەردی زراو یان كێشەیان لە جووڵە و كاری زەرداو هەیە، ئەوانە تووشی گەڕانەوەی ئەنزیمەكان دەبن، واتە ئەنزیمەكانی هەرس لە بری رەوانەكردنیان بۆ رێڕەوی هەرسكردنی خۆراك، دەگەڕێنەوە كەناڵەكانی پەنكریاس، ئەوەش دەبێتە هۆی تێكچوونی پەنكریاس و هەوكردنی، ئەگەری هەیە لە كۆتادا بەرەو هەوكردنی درێژخایەنی پەنكریاس بچێت.

لە حاڵەتی هەوكردنی درێژخایەنی پەنكریاس، مرۆڤ بەدەست تێكچوونی بەرهەمهێنانی ئەنزیمەكانی لەش دەناڵێنێت، كە رۆڵیان لە هەرسكردنی خۆراك هەیە، كەمیی ئەوانەش دەبێتە هۆی با و ئاوسانی سك و دروستبوونی غازات و ئازاری سك و سكچوون و قەبزی و لەدەستدانی كێش، لە ئەنجامە مەترسیدارەكانیشی، تووشبوونە بە جۆری دووەمی نەخۆشی شەكرە، كە پشت بە ئەنسۆلین دەبەستێت كە لە پەنكریاسەوە بەرهەم دێت.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل