پیاوێکی بەتەمەن بەهۆی خواردنەوەی وزەبەخشەوە گیان لەدەست دەدات

:: PM:08:37:14/06/2026 ‌
ئەمڕۆ یەکشەم 14ی حوزەیرانی 2026، سەرچاوەیەکی تەناهی لە پارێزگای زیقاڕ ئاشکرای کرد، پیاوێکی تەمەن شەست ساڵان کە ناسنامەی نادیارە، بەهۆی خواردنەوەیەکی وزەبەخشەوە گیانی لەدەست داوە.

ئەو سەرچاوەیە لە لێدوانێکدا ڕای گەیاندووە، ئەو پیاوە کە لە شەستەکانی تەمەنیدایە و تا ئێستە ناسنامەکەی نادیارە، لەسەر شەقامی گشتیی ناوچەی کۆمەڵگەی تینا لە ناوەڕاستی شاری ناسریەی سەنتەری پارێزگای زیقاڕ کەوتووە و مردووە.

سەرچاوەکە زیاتر ڕوونی کردووەتەوە کە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان لە ڕووداوەکە ئاماژە بەوە دەکەن، گیانلەدەستدانەکە لە ئەنجامی خواردنەوەیەکی وزەبەخش بووە، چونکە بەپێی ئەوەی کامێراکانی چاودێری لە ناوچەکەدا تۆماریان کردووە، ڕاستەوخۆ دوای خواردنەوەی ئەو وزەبەخشە گیانی لەدەست داوە.


وشە - پۆڵا مەحموود