بەرزی پەستانی خوێن یەكێكە لە حاڵەتە تەندروستی یان نەخۆشییە درێژخایەنەكان كە بە بكوژی بێدەنگ دەناسرێت، لە هەندێك حاڵەتدا هەناسەتەنگی دروست دەكات، بەتایبەتی ئەگەر پەستانەكە كار لە دڵ و سییەكان بكات، بەڵام پێوەندییەكە چۆنە؟
ئەوكاتەی
پەستانی خوێن بەرز دەبێت، دڵ ناچارە ئەركێكی زیاتر بۆ پاڵنان بە خوێن بۆ تەواوی لەش بكێشێت، لەگەڵ تێپەڕبوونی كات كێشە بۆ دڵ و لوولەكانی خوێن دروست دەبێت، وەك لاوازیی ماسولكەی دڵ و بەجێنەگەیاندنی فەرمانەكانی و ئەوەش هەناسەتەنگی دروست دەكات، رەنگە بەرزیی پەستانەكە بگاتە ئاستێكی مەترسیدار و ببێتە هۆی قەتیسبوونی ئاو و شلە لە سییەكان، ئەوەش هەناسەتەنگییەكی قورس دروست دەكات و پێویست بە سەردانی نەخۆشخانە دەكات.
هەرچی بەرزی پەستانی خوێنی سییەكانە، لە بەرزی پەستانی خوێنی ئاسایی جیاوازە، بەهۆی زیادبوونی پەستان لەناو خوێنبەرەی دڵ و سییەكان دروست دەبێت، وا دەكات دڵ ئەركێكی زیاتر بۆ پاڵنانی خوێن بۆ سییەكان بكێشێت، جیا لە هەناسەتەنگی چەند نیشانەیەكی هەیە وەك هەستكردن بە ماندووبوونی بەردەوام و ئازار و پەستان لە سینگ و خێرابوونی لێدانی دڵ و ئازاری بەشی سەرەوەی سك و لەدەستدانی ئارەزووی خواردن و كۆكە و هاتنی دەنگی هەناسەدان و سەرسووڕان و لەهۆشخۆچوون و ئاوسانی قاچ و پێیەكان.
هۆكاری تریش بۆ ئەو هەناسەتەنگییە هەیە جگە لە بەرزی پەستانی خوێن، وەك نەخۆشییەكانی دڵ و لوولەكانی خوێن و سینگەكوژێ یان دڵەنۆرە و پەككەوتن و لاوازیی دڵ و نەخۆشی گورچیلە و سەكتەی مێشك و رارایی و تۆقین، رەبوو و هەوكردنی سییەكان و داخرانی سییەكان.