لەگەڵ هەڵكشانی تەمەندا هەندێك خۆراك بۆ یادەوەری و سەرنج زۆر سوودبەخشن

:: PM:02:42:15/06/2026 ‌
پسپۆرێكی بواری خۆراك دووپات دەكاتەوە، هەندێك خۆراك هەن بۆ تەندروستیی مێشك زۆر گرنگن، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی دەچنە ناو تەمەنەوە، ئەو خۆراكانە كاریگەریی زۆریان لەسەر یادەوەری و سەرنجیان دەبێت، بۆیە زۆر پێویستە ئەو خۆراكانە فەرامۆش نەكرێن و رۆژانە بخورێن كە دواتر تەمەن درێژ دەكەنەوە.

بەشی زانست و تەندروستیی پێگەی "شەرق ئەوسەت" كە هەواڵەكەی لە گۆڤاری "تایم"ی ئەمەریكیی وەرگرتووە، لیز وێناندی كە پسپۆری بواری خۆراكە و مامۆستایە لە زانكۆی ئۆهایۆ لە ئەمەریكا قسەی بۆ گۆڤارەكە كردووە، روونی دەكاتەوە كە هەندێك خۆراك هەن بەتایبەتی بۆ كەسانی بەساڵاچوو زۆر گرنگن و كاریگەرییان لەسەر مێشكیان دەبێت و یادەوەری و سەرنجیان باشتر دەكات، چونكە بە ترشەڵۆكی چەوریی بەسوود و ئۆمیگا3 و ئۆمیگا6 دەوڵەمەندن، بۆیە گرنگە فەرامۆش نەكرێن. بۆ ئەوەیش نموونەی بە هەندێكیان هێناوە.

ئەو پسپۆرە دەڵێت، سەوزە گەڵادارەكان وەك سپێناخ و سڵق و جەرجیر و هاوشێوەكانیان، بۆ تەندروستیی مێشك زۆر گرنگن، ئەوانەی رۆژانە رێژەیەك لە سەوزانە دەخۆن، زۆر بە روونی هەست بە سوودەكەی دەكەن بەتایبەتی بۆ یادەوەری و سەرنجیان. هەروەها میوەی توو خۆراكێكی ترە كە بەهەموو جۆرەكانی هەمان سوود دەگەیەنێت، ئەویش بۆ مێشك بەسوودە و مەترسیی تووشبوون بە خڵەفان دوور دەخاتەوە.

ماسییە چەورەكان خۆراكێكی ترە كە ئەو پسپۆرە لەبارەیەوە دەڵێت، بەتایبەتی ماسیی سەلەموون، توونە، سەردیل، ماكریل و رەنجە كە چەورییەكانیان زۆر بە سوودە، ئەوانە سەرچاوەی ترشەڵۆكی "دی ئێچ ئەی"ن كە ئەویش مرۆڤ لە خڵەفان دوور دەخاتەوە، لەگەڵ ئەو جۆرە ماسییانەدا پسپۆرەكە دووپات دەكاتەوە كە تەواوی خۆراكە دەریاییەكان، بۆ تەندروستیی مێشك زۆر سوودبەخشن.

ئەوەشی گوت كە خواردنی چەرەزات بەهەموو جۆرەكانیەوە بۆ تەندروستیی مێشك زۆر گرنگن، بەتایبەتیش بادەم و فستق و گوێز و ناوكە كوولەكە و شیا، بە ترشەڵۆكی "ئەلفا لینۆلینیك" دەوڵەمەندن و تەواویان ئۆمیگا3 بە جەستە دەبەخشن. دوای ئەوەیش زەیتی زەیتوون بۆ تەندروستیی مێشك زۆر گرنگە، هەر كەسێك رۆژانە حەوت گرام زەیتی زەیتوون بخواتەوە، بەشێوەیەكی گشتی خۆی لە مردن دوور دەخاتەوە، هاوكات 28%یش لە خەڵەفان دوور دەكەوێتەوە.

دواتریش ئەو پسپۆرە ئاماژە بە سوودی زۆری هێلكە دەكات و دەڵێت، خواردنی هێلكە بۆ تەندروستیی مێشك زۆر پێویستە و لە نەخۆشیی زەهایمەر دوورتان دەخاتەوە، خۆ ئەگەر بەلای كەمەوە هەفتانە دووجار هێلكە بخۆن، لە خڵەفان دوور دەكەونەوە و هاوكات كاریگەریی بۆ یادەوەری و سەرنج دەبێت.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د