نەخۆشییەكانی خەڵەفان، بەتایبەتی ئەلزەهایمەر لەو سەردەمەدا زۆر بووە، چارەسەری بنەبڕیان نییە و گرنگە بەر لە دەركەوتنی بە نیشانەكانی بزانرێت بۆ ئەوەی رێگە لە پەرەسەندنی بگیرێت، هەموو نەخۆشییەك نیشانەی سەرەتایی و زوو و پێشكەوتووی هەیە، راپۆرتێك باسی پێنج نیشانەی زووی ئەو نەخۆشییانە دەكات.
كۆمەڵەی
ئەلزەهایمەر لە بەریتانیا ئاماژە دەكات كە تا ئێستە چارەسەرێكی بنەبڕ بۆ خەڵەفان نییە، بۆیە ناسینەوەی نیشانە زووەكانی زۆر گرنگە بۆ دیاریكردنی ئەو كەسانەی تووشی دەبنەوە و خۆپارێزیان یان وەرگرتنی دەرمانی دواخستنی دەركەوتنی نیشانەكانی، راپۆرتێكی رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكی باسی پێنج نیشانەی زووی خەڵەفان دەكات، دەكرێ بە ئاسانی تێبینی بكرێن و بزانرێت ئەو كەسە ئەگەری تووشبوونی هەیە، بەتایبەتی ئەلزەهایمەر.
بەپێی راپۆرتەكە لەدەستدانی یادەوەری لە نیشانە بڵاوەكانە، بەڵام تاكە نیشانە نییە و نیشانەی تر هەن كە رەنگە پشتگوێ بخرێن، وەك گۆڕانكاری لە كەسێتی و ئاكاری رۆژانەی مرۆڤ و خۆدابڕین و پەراوێزی كۆمەڵایەتی، زەحمەتیی شوفێریكردن، كە یەكێكە لە گرنگترین نیشانە سەرەتاییەكان، لەدەستدانی هەستی بۆنكردن كە بەر لە ماوەیەكی زۆر لە تووشبوون بەدیار دەكەوێت، زەحمەتیی نوستنی شەوانە و خەواڵوویی بە رۆژ، بەهۆی كاریگەریی نەخۆشییەكە لەسەر چەند ناوچەیەكی مێشك كە بەرپرسن لە رێكخستنی خەو، هەروەها سەرهەڵدانی كێشەی دارایی.