نەخواردنی یەكجاریی شەكر زیانبەخشە

:: PM:09:16:16/06/2026 ‌

لەوكاتەی بەهۆی مەترسییەكانی و پێوەستبوونی بە قەڵەوی و نەخۆشییەكانی شەكرە و دڵەوە، خەڵك خۆی لە خواردنی شەكر دەپارێزن، توێژینەوەیەكی نوێ ئاماژە دەكات كە نەخواردنی یەكجارەكیی شەكر بژارەیەكی باشی تەندروستی نییە و دەبێتە هۆی شێوان و ئاڵۆزی لە تەندروستیی ریخۆڵەكان و پرۆسەی میتابۆلیسم.

بەپێی رۆژنامە "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكی، توێژینەوەكە پشتی بە ئەنجامی تاقیكردنەوەیەك بەستووە، كە لە دوو كۆمەڵە مشكی تاقیگە پێك هاتووە، ئەوانیان بۆ ماوەی هەفتەیەك چاودێری كرد، یەكەم گرووپ سیستمێكی خۆراكی كەمچەوری و شیرینیان پێ درا، گرووپەكەی تر سیستمێكی هاوشێوەی تەواوەتیی بێ شەكر، توێژەران چاودێریی توانای لەشی ئەوانیان بۆ رێكخستنی شەكری خوێن و وەڵامدانەوەی بۆ ئەنسۆلین و ئاستی هۆرمۆنەكانی تایبەت بە میتابۆلیسم و هاوسەنگیی بەكتریای سوودبەخشی ریخۆڵەیان  كرد، جیا لە ئاماژەكانی هەوكردن لە جگەر و قۆلۆن.

دەركەوت ئەو مشكانەی لە شەكر بێبەش كران، تووشی چەند كێشەیەكی تەندروستی بوون، لەوانە لاوازیی بەرگەگرتنی گلوكۆز، واتە لە توانای لەش بۆ چارەسەركردنی شەكر و بەرگری بۆ ئەنسۆلین و تێكچوونی هاوسەنگیی بەكتریای ریخۆڵەكان و هەوكردنی ریخۆلە و گۆڕانكاریی پێوەست بە چەوری جگەر.

د. رەشید ئەحمەد توێژەر دەڵێت، ئەنجامەكان دەری دەخەن كە وازهێنانی تەواوەتی لە سوكەرۆز، دەبێتە هۆی تێكچوونی تەندروستیی ریخۆڵەكان و زیادبوونی هەوكردن و شێوانی میتابۆلیسم، بۆیە سیستمێكی خۆراكی هاوسەنگ لە تەنیا نەخواردنی شەكر گرنگترە و بۆ جێگیربوونی فەرمانی ریخۆڵە و سیستمی بەرگری پێویستە پارێزگاری لە هاوسەنگیی كاربۆهیدرات لە لەش بكرێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل