بۆچی كەسانێك بە بەردەوام هەست بە ماندووێتی دەكەن؟

:: PM:09:30:16/06/2026 ‌

كەسانێك سەرەڕای ئەوەی خەوێكی باشیان هەیە، بەڵام بە بەردەوام هەست بە ماندبوون و شەكەتی دەكەن، بەپێی شارەزایانی تەندروستی ئەگەری هەیە هۆكارەكەی بۆ كەمیی هەندێك ڤیتامینی سەرەكی بێت، لەوانە ڤیتامین دی و بی12، كە رۆڵێكی سەرەكییان لە بەرهەمهێنانی وزە و پارێزگاریكردن لە فەرمانەكانی لەش هەیە.

ڤیتامین دی رۆڵی لە زیادكردنی هەڵمژینی كالیسیۆم و پارێزگاریكردن لە تەندروستیی ئێسك و ددان هەیە، هاوكات رۆڵی لە پاڵپشتیكردنی سیستمی بەرگری و كەمكردنەوەی هەستكردن بە شەكەتی لەو كەسانە هەیە كە ئەو ڤیتامینەیان كەمە، هەرچی ڤیتامین بی12یە، یارمەتی بەرهەمهێنانی خڕۆكە سوورەكانی خوێن دەدات و پاڵپشتی لە كۆئەندامی دەمار دەكات، جیا لەوە بەشداری لە گۆڕینی خۆراك بۆ وزە دەكات كە لەش سوودی لێ دەبینێت.

بۆیە لە كاتی بوونی ئەو دوو ڤیتامینە لە لەش بە رێژەیەكی گونجاو، بە شێوەیەكی ئەرێنی كار لە ئاستی چالاكیی مێشك و جەستەیی دەكات، چونكە پاڵپشتی لە بەرهەمهێنانی هەندێك گوێزەرەوەی ئاماژە دەمارییەكانی پێوەست بە رێكخستنی میزاج دەكەن وەك سیرۆتۆنین، بەوەش یارمەتی باشكردنی دۆخی دەروونی و كەمكردنەوەی هەستكردن بە خامۆشی و كەمبوونەوەی پاڵنەری جووڵانەوە لای هەندێك كەس دەكەن.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل