چۆن كۆنترۆڵی ئەلزەهایمەر دەكەیت؟

:: PM:09:53:16/06/2026 ‌

بەپێی كۆمەڵەی ئەلزەهایمەر لە بەریتانیا تا ئێستە چارەسەرێكی بنەبڕ بۆ خەڵەفان نییە، لەوانە ئەلزەهایمەر، بۆیە ناسینەوەی نیشانە زووەكانی زۆر گرنگە بۆ دیاریكردنی ئەو كەسانەی تووشی دەبنەوە بۆ خۆپاراستن لە پەرەسەندنی نیشانەكانی، هاوكات پێویستە ئەوانەی تووشی دەبن، پابەندی چەند رێنوێنییەك بن بۆ كۆنترۆڵكردنی حاڵەتەكە و رێگرتن لە پەرەسەندنی خێرای نیشانەكانی. 

نەخۆشی ئەلزەهایمەر بە سستی پەرە دەستێنێت، بەڵام هێشتنەوەی بێ چارەسەری و وەرگرتنی دەرمان، چەند نیشانەیەكی وەك رارایی و خەمۆكی و خەوزڕان زیاد دەكات، لە نیشانەكانی ئەو نەخۆشییە لەدەستدانی بیرەوەرییە، جیا لە زەحمەتیی قسەكردنی ئاسایی و بیرهاتنەوەی ناوەكان و دووبارەكردنەوەی پرسیارەكان و بەسەربردنی كاتێكی زۆر بۆ بەجێگەیاندنی كارەكان و گۆڕانی میزاج و نیگەرانییەكی زۆر و خەمۆكی و كێشە لە درككردن.

تا ئێستە چارەسەرێكی بنەبڕ بۆ ئەو نەخۆشییە نییە، بەڵام دەكرێ تووشبوو پابەندی هەندێك رێنوێنی ببێت بۆ كەمكردنەوەی نیشانەكانی، لەوانە وەرزشكردنی رۆژانەی رێكوپێك بۆ 30 خولەك، سیستمێكی خۆراكی هاوسەنگ و دەوڵەمەند بە سەوزە و میوە و پرۆتینی كەمچەور، دووركەوتنەوە لە جگەرەكێشان و نوستنی باش و چارەسەركردنی كێشە تەندروستییەكانی وەك كێشەی بیستن، كۆنترۆڵكردنی نەخۆشییە درێژخایەنەكانی وەك بەرزی پەستانی خوێن و شەكرە، گرنگیدان بە یارییەكانی مێشك بۆ چالاككردنی یادەوەری.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل