كێشەكانی چاو بەهۆی مۆبایلەوە سەر هەڵدەدەن

:: PM:08:54:17/06/2026 ‌

مۆبایل بووەتە بەشێكی دانەبڕاو لە ژیانی رۆژانەی مرۆڤ، بۆ پێوەندیكردن و هۆكاری تریش دێتە بەكارهێنان، ئەوەش وای كردووە ئاڵوودەی ببێت و بە تەواوی پشتی پێ ببەستێت و زۆرینەی كاتەكانی بەدیارییەوە دابنیشێت، بەهۆی ئەو زیادەڕۆییە لە بەكارهێنانی، شارەزایانی تەندروستی وریایی دەدەن و باسی چەندان زیانی دەكەن، لەوانە بۆ سەر چاوە. 

لەو كێشانەی چاو كە بەهۆی شاشەی مۆبایلەوە سەر هەڵدەدەن، ماندووبوونی چاو بەهۆی زۆر بەكارهێنان و سەنجدان لە شاشەی مۆبایل، كە ماسولكەكانی چاو ماندوو و ئازار دەدات، سەرئێشە شێوانی بینین و زەحمەتیی سەرنجدان و جوتبینین دروست دەكات، وشكهەڵگەڕانی چاو، بەتایبەتی لە گەنجان، كە بەهۆی زۆر سەنجدان و سەیركردنی شاشەی مۆبایل چاوترووكان كەم دەبێتەوە و ئاوی چاو دەبێتە هەڵم و وشك هەڵدەگەڕێن، جیا لە سوورهەڵگەڕان و ورووژان و هاتنەخوارەوەی فرمێسك و هەستكردن بە بوونی تەنی رەق لەناو چاوەكان، كە ئەگەر چارەسەر نەكرێت كار لە توانای شوفێریكردن و خوێندنەوە و كاركردن لەسەر كۆمپیۆتەر دەكات. 

نارەحەتیی چاو و شێوانی خەو بەهۆی ئەو تیشكە شینەی لە شاشەی مۆبایل دەردەچێت، چاو ماندوو دەبێت و كێشەی خەو دروست دەكات و بەرهەمهێنانی میلاتۆنین كەم دەكاتەوە، ئەو هۆرمۆنەی بەرپرسە لە رێكخستنی خەو، بۆیە خەو زەحمەت دەبێت، تووشبوون بە كورتبینی بەهۆی سەرنجخستنە سەر شتە نزیكەكان وا دەكات بیلبیلەی چاو درێژ بێت، هەستیاری و ورووژانی چاو و هەستیاری بۆ رووناكی و زیادبوونی چاوترووكان و هاتنەخوارەوەی فرمێسك، بەتایبەتی بەكارهێنانی شەوانە لە ژوورە تاریكەكان.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل