لە كەشی گەرمادا.. هەندێك خۆراك دڵ و دەمارەكانتان لە ماندوویی دەپارێزن

:: AM:11:44:18/06/2026 ‌
پسپۆرانی دەستەی Roskachestvo  رووسی كە تایبەتە بە بواری تەندروستیی گشتی، ئەوەی ئاشكرا كرد كە پێوەندییەكی زۆر لە نێوان كەشی بەرزی گەرما و ماندووبوونی دڵ و دەمارەكانی مرۆڤ هەیە، بۆ ئەوەیش تا دڵ و دەمارەكان لەو كەشەدا تووشی ماندوویی زیاتر نەبن، گرنگە هەندێك خۆراك هەن بایەخ بە خواردنیان بدرێت.

پێگەی "شەفەق نیوز" رۆشنایی خستووەتە سەر زانیارییەكانی پسپۆرانی كە لەبارەی كەشی زۆر گەرما و ماندووبوونی دڵ و چارەسەركردنی قسەیان كردووە، باس لەوە دەكەن كە زۆر گرنگە لەو كەشە زۆر گەرمایەدا وریای سیستمی خۆراك بن، چونكە لەو كەشەدا دڵ و دەمارەكان زیاتر ماندوو دەبن و لەگەڵیدا وریای جەستەتان لە لێدانی هەتاو بن، بۆ ئەوەیش هەندێك خۆراك هەن بەتایبەتی خۆراكە رووەكییەكان، خواردنیان جۆرێكە لە چارەسەر بۆ دووركەوتنەوەی دڵ و دەمارە خوێنییەكان لە ماندوویی.

بۆ ئەوەیش پسپۆران دووپات لە خواردنی خۆراكە رووەكییەكان دەكەنەوە وەك سەوزە و سەوزە گەڵادارەكان و میوەكان، چونكە ئەوانە پۆتاسیۆم و مەگنیسیۆم لەخۆ دەگرن، هاوكات وا دەكەن دڵ و دەمارەكان باشتر بە ئەركی خۆیان هەستن. لە كەشی گەرما و بەهۆی ئارەقكردنەوە، مرۆڤ مادەی ئیلكترۆلیت لە دەست دەدات یان لە جەستەدا كەم دەبێتەوە، ئەو خۆراكانە وا دەكەن جەستە كەمتر ئەو مادەیە لە دەست بدات.

هاوكات باس لەو خۆراكانەیش دەكەن كە بە ریشاڵ دەوڵەمەندن بەتایبەتی لە رووەكەكان، ئەویش بۆ كەشی گەرما زۆر بە سوود دەبێت. لەگەڵیدا ئامۆژگاری دەكەن كە لە كەشی زۆر گەرمادا هەرچی پێتان دەكرێ خۆتان لە خۆراكی پڕچەوری دوور بخەنەوە، هەروەها دووركەوتنەوە لە خۆراكە خێراكان كە وا دەكەن ئاستی پاڵەپەستۆی خوێن تێكبچێت و جەستە تووشی داهێزران بێت، بۆیە بایەخی زیاتر بە سەوزە و میوە بدەن.

دواتریش پسپۆران ئامۆژگاری دەكەن كە لە كەشی گەرمادا هەرچی پێتان دەكرێ ئاوی زیاتر بخۆنەوە، هاوكات خۆتان لە خواردنەوە غازییەكان و كهوول دوور بخەنەوە، هاوكات لەبری قاوە و چای، باشترە بایەخ بە خواردنەوەی مادە گیاییەكان و ئاوی میوە بدەن كە شەكریان تێدا نییە.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د