یەكێك لە پشكنینیەكان بۆ دڵنیابوون لە تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە، پشكنینی شەكرەی سێ مانگییە " HbA1c"، كە یەكێكە لە گرنگترین پشكنینە تاقیگەییەكان یارمەتی نەخۆشی شەكرە دەدات بۆ چاودێریكردنی حاڵەتەكەی و دەركەوتنی ئاستی كۆنترۆڵكردنی و ئاستی شەكر لە خوێنی لە ماوەیەكی دوورودرێژ، بەرجەستەی ناوەندی ئاستی گلوگۆزی خوێن لە ماوەی سێ مانگی رابردوو دەكات، بەوەش دەبێتە ئاماژەیەكی گرنگ بۆ هەڵسەنگاندنی حاڵەتەكە و ئاستی كاریگەریی دەرمانەكانی وەری دەگرێت بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییە خراپەكانی نەخۆشییەكە.
ئەو پشكنینە پێوانەی بڕی شەكری پێوەستبوو بە هیمۆگڵۆبینی خڕۆكەسوورەكانی خوێن لە ماوەی سێ مانگی رابردوو دەكات، كە لای نەخۆشانی شەكرە دەبێت لە 7% كەمتر بێت، بەڵام ئەگەر ئەو پشكنینیە ژمارەیەكی زۆری خوێندەوە، چۆن كەم دەكرێتەوە؟، دەتوانرێت ئەوە بكرێت لە رێگەی كۆنترۆڵكردنی سیستمی خۆراكی رۆژانە، واتە لە رووەكانی بڕ و جۆری خۆراكەكە و رێگرتن لە بەرزبوونەوەی شەكری خوێن، زۆرنەخواردن و خواردنی كاربۆهیدراتی تەندروست و دەوڵەمەند بە ریشاڵ وەك شۆفان و دانەوێڵەی تەواو و سەموون و نانی جۆ و پاقلەمەنی.
خواردنی زیاتری سەوزەی ریشاڵدار و كەم كاربۆهیدرات و كەمتریش پڕۆتین و چەوری و بەهەمان رێژە دانەوێڵەی تەواو و میوە و كەمكردنەوەی فاست فوود و پێڕەوكردنی ریجیمی دەریای ناوەڕاست، كەمكردنەوەی كێشی زیادی لەش، وەرزشكردن و زیادكردنی جموجۆڵی رۆژانە، وەك رۆیشتن و راكردن و پایسكلسواری و مەلەوانی، پابەندبوون بە وەرگرتنی دەرمانی پێویست و دیاریكراو بە رێكوپێكی و وەرگرتنی هەندێك تەواوكاری خۆراك، خواردنی هەندێك رووەكی بەسوود، وەك دارچین.