نیشانەكانی تەمبەڵیی رژێنی دەرەقی لەسەر دەموچاو

:: PM:08:54:18/06/2026 ‌

رژێنی دەرەقی یەكێكە لە رژێنە گرنگەكانی لەش، هەر شێوانێك لە دەردانی كار لەو فەرمانانە دەكات كە رژێنەكە ئەنجامیان دەدات، زیاد و كەمی چالاكیی ئەو رژێنە نیشانە و كاریگەریی خۆیان لەسەر لەشی مرۆڤ هەیە، لەوانە لەسەر رووخسار و دەموچاو كە لە كاتی سەیركردنی ئاوێنە بەدیار دەكەون.

پزیشكی پسپۆڕ دەتوانێت هەر بە دەستلێدان یان سەیركردنی رووخساری نەخۆشی تەمبەڵی رژێنی دەرەقی بیناسێتەوە، چونكە چەند نیشانەیەكی لەسەر پێستی دەموچاو بەدیار دەكەوێت، لەوانە ساردبوون یان زبری یان ئاوسان و سپیهەڵگەڕانی رووخسار و خوران و كێشەی چاوەكان.

ئەگەر بە بەردەوام پێستی دەموچاوی مرۆڤ سارد بوو، ئەوە ئاماژەیەكی مەترسیداری تەمبەڵیی رژێنی دەرەقییە، بەهۆی خاوبوونەوەی میتابۆلیسم و كەم گەیشتنی خوێن بەهۆی كەمدەردانی هۆرمۆنەكە، وشكهەڵگەڕانی بەردەوام، ئەویش نیشانەیەكی ترە، زبری پێستی دەموچاو یان دەركەوتنی پەڵەی قڵێشاوە، ئەوەش نیشانەیەكی ترە بەهۆی خاوبوونەوەی پرۆسەی نوێبوونەوەی خانەكانی پێست بەهۆی كەمدەردانی هۆرمۆنەكە و كەڵەكەبوونی خانە مردووەكان دۆوست دەبێت. 

جیا لەوانەی سەرەوە ئاوسانی دەموچاو و سپیهەڵگەڕانی یان زەردهەڵگەڕانی بەهۆی لاوازیی سووڕی خوێن و خاوبوونەوەی میتابۆلیسم، خورانی دەموچاو و دەركەوتنی پەڵەی پێست و بەردەوامبوونی بۆ شەش هەفتە، كێشەی چاو، كە بەشێكە لە دەموچاو، وەك ئاوسان و دەركەوتنی پەڵەی زەرد لەسەر پێڵوو و هەڵوەرینی مووی برژانگ و برۆ.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل