وریای ئەو خواردن و خواردنەوانە بن كە زیان بە "سپڵ" دەگەیەنن

:: AM:11:25:22/06/2026 ‌
سپڵ كە لە هەندێك ناوچەدا "فاتەڕەشە"شی پێ دەڵێن، ئەندامێكی گرنگی جەستەی مرۆڤە و رۆڵی كاریگەر بۆ بەرگریی جەستە دەبینێت، هەروەها یارمەتیی جەستە دەدات بۆ رێكخستنی هاوسەنگیی شلەمەنییەكان، دواتر بەرگریی لە جەستە دەكات بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتاكان. پسپۆرانی بواری خۆراك هۆشداریی دەدەن كە هەندێك خواردن و خواردنەوە هەن ئەگەر لێیان دوور نەكەونەوە، زیان بە سپڵ و ئەركەكانی دەگەیەنن.

بەشی زانست و تەندروستیی پێگەی "شەرق ئەوسەت" كە هەواڵەكەی بڵاو كردووەتەوە، پشتی بە پێگەی "ڤێری وێڵ هێڵس" بەستووە كە پسپۆرانی بواری خۆراك لەبارەی سپڵەوە زانیارییان بە پێگەكە داوە، باس لەوە دەكەن كە سیستمێكی خۆراكیی تایبەت بۆ تەندروستیی سپڵ بە راستەوخۆیی نییە، بەڵام هەندێك خواردن و خواردنەوە هەن بە ناڕاستەوخۆ زیان بە سپڵ دەگەیەنن، ئەویش لە رێگەی هەوكردن و كاریگەرییەكانی لەسەر جگەر، لەوێوە كاریگەرییەكەی لەسەر سپڵ دەردەكەوێت و ئەركەكانی كەم دەكاتەوە.

پسپۆران نموونە بە خواردنی گۆشتە دروستكراوەكان دەهێننەوە كە خوێی زۆر و چەوریی زیاتریان تێدایە، راستە ئەو خواردنە راستەوخۆ كاریگەریی لەسەر سپڵ دروست ناكات، بەڵام كاتێك زێدەڕۆیی لە خواردنی دەكرێت، دەبێتە هۆی هەوكردن و بەرزبوونەوەی پاڵەپەستۆی خوێن و زیانگەیاندن بە دڵ و دەمارەكان و بەتایبەتی جگەر، بۆیە هەموو ئەوانە ناڕاستەوخۆ كاریگەرییان لەسەر سپڵ و ئەركەكانی دەبێت.

چەوری هۆكارێكی ترە بۆ زیانگەیاندن بە سپڵ، بەتایبەتی ئەو خواردنانەی بە سووركردنەوە ئامادە دەكرێن، بەتایبەتی بەرهەمە ئاژەڵییەكان، پێوەندیی زۆر هەیە لە نێوان چەوری و چەوریی سەر جگەر و كاتێك چەوریی جگەر بەرز دەبێتەوە، مەترسیی لەسەر جگەر دروست دەكات، بەوەیش بەهەمانشێوە زیان بە ئەركی سپڵ دەگەیەنێت.

زیانێكی تر خواردنی كاربۆهیدرایتە بەتایبەتی نانی سپی و كێك و خواردنەوە شیرینەكان، ئەوەیش وا دەكات ئاستی شەكر لە خوێندا بەرز ببێتەوە، هاوكات مەترسیی كۆبوونەوەی چەوری لەسەر جگەر دروست دەكات، دواتریش هەموو ئەو كێشانە، كاریگەریی لەسەر سپڵ دەبێت.

دواتریش پسپۆرانی بواری خۆراك، باس لە خواردنەوەی حكوول دەكەن كە زێدەڕۆیی لە خواردنەوەی، بە راستەوخۆیی و ناڕاستەوخۆیی كاریگەریی لەسەر تەندروستیی سپڵ دەبێت، ئەویش وا دەكات شانەكان تێكبچن و توانای جەستە كەم دەكاتەوە، ئەویش بەهەمانشێوە پێوەستە بە جگەر و لەوێشەوە زیان بە ئەركەكانی سپڵ دەگەیەنێت.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د